سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: لەسەر رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە دوو کەس دەستگیرکراون

09-12-2023
پەیمان محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێت، سبەی رێوڕەسمێک بۆ رێزگرتن لەو کەسانە رێکدەخرێت کە لە رووداوی ئاگرەکەدا گیانیان لەدەستداوە. باس لەوەش دەکات، دوو کەس بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەستگیرکراون.
 
ئەمڕۆ شەممە، 09-12-2023، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی رابردوو رایگەیاند، لە رووی هەبوونی مەرجی سەلامەتییەوە پێداچوونەوە بە سەرجەم باڵەخانەکانی ئیدارەکە دەکرێت، بەتایبەتی ئەوانەی کە بۆ مانەوەی خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ بەکاردەهێنرێن.
 
شەوی رابردوو کاژێر 08:15 ئاگر لە باڵەخانەیەک لەسەر رێگەی سەرەکیی سۆران – چۆمان لە گەڕەکی جووندیان کەوتەوە کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 14 کەس. هەڵگورد شێخ نەجیب لەوبارەوە گوتی، ''دوای ئەوەی تەرمەکان رادەستی کەسوکاریان کرانەوە، سبەی [یەکشەممە] رێوڕەسمێک لە هۆڵی بۆنەکانی سۆران بە مەبەستی رێزگرتن، دانانی تاجە گوڵینە و داگیرساندنی مۆم بۆ گیانلەدەستدراوان بەڕێوەدەچێت".
 
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو 14 کەسەی لە رووداوەکەی سۆراندا گیانیان لەدەستدا، سیانیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن؛ دووانیش هاوژینی یەکن و خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانن؛ چواریشیان ئەندامی یەک خێزانن و عەرەبن؛ هەروەها یەکێکیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و دووانیش ناسنامەی سووریایان پێبووە و دیار نییە کوردن یان نا. دوو کەسەکەی دیکەشیان عەرەبی عێراقن. 
 
 
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێت، ''تیمەکانی بەرگریی شارستانی چوونەتە ژوورەوە و هەوڵیانداوە بچنە نێو شووقەکان، بەڵام دەرگەکانیان لە ژوورەوە داخراوبووە. پرسیارە بۆچی لانیکەم لە شووقەکانیان نەچوونەتە دەرەوە، لە کاتێکدا تەنیا مەترسیی دووکەڵ هەبووە نەک ئاگر؟''؛  جەختی لەوەش کردەوە، رێکاری پێویست بەرامبەر لایەنی کەمتەرخەم لە ئاگرکەوتنەوەکە دەگیرێتەبەر.
 
بە گوتەی شایەتحاڵان کە تا ئێستا بە شێوەی فەرمی پشتڕاستنەکراوەتەوە، هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە شۆرتی کارەبا بووە؛ گوتەیەکی دیکەش هەیە کە گوایە گەشاندنەوەی خەڵووزی نێرگەلە لە نهۆمی دووەمی باڵەخانەکە کە کارگەی دروستکردنی قەنەفەیە، بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوەکە.
 
هەڵگورد شێخ نەجیب لەو بارەوەگوتی، بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر لە رووداوەکە، خاوەنی باڵەخانە و خاوەنی کارگەی دروستکردنی قەنەفەکە دەستگیرکراون و لە داهاتووشدا وردەکاریی زیاتر سەبارەت بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەخرێتەڕوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵە

دوایین کات بۆ چۆڵکردنی بارەگاکانی کۆمەڵە لە سلێمانی دیاریکرا

دوایین کات بۆ هەر سێ کۆمەڵەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سلێمانی دیاریکرا کە بارەگاکانیان بگوازنەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە. بەرپرسی یەکێک لە کۆمەڵەکان دەڵێت، هەلومەرجیان بۆ بڕەخسێنن ئامادەن بارەگاکانیان چۆڵ بکەن. ئاسایشی سلێمانیش دەڵێت، خانوو بۆ ماڵباتەکانیان دیاریکراوە.