رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 15ـی ئەم مانگە پرۆسەی ناونووسین بۆ ئەو کەسانە دەستپێدەکات، کە دەیانەوێت ساڵی داهاتوو حەج بکەن. گوتیشی، ماوەی ناونووسین 12 رۆژ دەبێت و وادەکەی درێژ ناکرێتەوە.
رۆژی دووشەممە، 09-10-2023، شێخ نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رێنماییەکانی تایبەت بە ناونووسینی بۆ وەرزی حەجی 2024 خستەڕوو.
شێخ نیاز نەقشبەندی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم ساڵ بەپێچەوانەی ساڵانی پێشوو، ئامادەکارییەکان بۆ پڕۆسەی حەج پێشخراون، چونکە لەلایەن دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقی ئاگادارکراونەتەوە کە پێویستە بەر لە هاتنی ساڵی نوێ، سەرجەم ئامادەکارییەکان تەواو بکەن.
نووسینی ناوی هاووڵاتییان بە فۆرمێکی تایبەت دەبێت کە لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لۆگۆی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حج و عومرە و مۆری بەڕێوەبەرایەتییەکەی لەسەرە، وەک بەڕێوەبەری حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان گوتی: ''هەر داواکارییەک لە دەرەوەی ئەم فۆرمە پڕبکرێتەوە هەژمار ناکرێت و پووچەڵە."
بۆ ناونووسین جگە لە پڕکردنەوەی فۆرمەکە، کۆپیی رەنگاورەنگی پسوولەی خۆراک، پاسپۆرت، کارتی زانیاری، کارتی نیشتمانی و یەک وێنەی کەسی پێویستە، بەگوتەی شێخ نیاز: ''ئەو هاووڵاتییانەی ناوی خۆیان بۆ تیروپشکی حەجی 2024 تۆمار دەکەن، دەبێ دانیشتووی هەرێمی کوردستان بن و تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر نەبێت.''
بەڕێوەبەری حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، پڕکردنەوەی فۆرمەکە لە نووسینگەی حەج و عومرەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دەبێت و پێویستە هاووڵاتییان لە ماوەی چوار رۆژ لە دوای وەرگرتنی فۆرمەکە، بیگەڕێننەوە بۆ هەمان ئەو شوێنەی کە لێیان وەرگرتووە، ئەگەرنا ناویان ناخرێتە نێو تیروپشکەکە.
سەبارەت بە دانیشتووانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، شێخ نیاز گوتی: "ئەگەر کارتی زانیاری و پسوولەی خۆراکیان لە ناو هەرێمی کوردستان هەبێت، دەتوانن لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان ناو تۆمار بکەن، بەڵام بەو مەرجەی لە شوێنێکی دیکەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ناویان تۆمار نەکرابێت''.
بەپێی رێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە، ئەو ئافرەتانەی تەمەنیان سەروو 45 ساڵە، دەتوانن بە تەنیا ناوی خۆیان بنووسن و پێویستیان بە ''مەحڕەم'' نییە، ''بەڵام ئافرەتێک کە تەمەنی کەمترە لە 45 ساڵ، پێویستە مەحرەمێکی لەگەڵدا بێت.''
ساڵی داهاتوو ناونووسین بۆ حەج بە ئۆنلاین دەکرێت، وەک بەڕێوەبەری حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان گوتی: ''ئەگەر ئەم ساڵ هەر هاووڵاتییەک ناوی لە تیروپشک دەرچوو و بە هەر هۆکارێک ئامادە نەبوو گەشتەکەی بکات، ئەوە ساڵی داهاتوو سەرلەنوێ دەبێ ناوی بچێتەوە نێو تیروپشک."
شێخ نیاز داوا دەکات ئەوانەی پێشتر حەجیان کردووە، فۆرم پڕنەکەنەوە، جگە لەوانەی وەکو مەحڕەم لەگەڵ ئافرەتێکدا دەچن. گوتیشی: "هەر کەسێک دوو جار فۆڕم پڕبکاتەوە، بە تۆمارنەکراو هەژمار دەکرێت و ناوی ناخرێتە نێو تیروپشکەوە.''
رۆژی یەکشەممە (15ـی مانگ) ناونووسین دەستپێدەکات و جگە لە رۆژانی هەینی و شەممە، 12 رۆژ بەردەوام دەبێت، بەگوتەی بەڕێوەبەری حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ماوەکەی درێژناکرێتەوە.
شێخ نیاز نەقشبەندی ئاشکرایکرد کە 60٪ـی دەرچووانی تیروپشکی حاجیانی 2024 دەدرێتە ئەو هاووڵاتییانەی ناوی خۆیان لە ساڵی 2017 تۆمارکردووە کە نزیکەی 38 هەزار کەس دەبن و 40٪ـیشی بۆ ئەو هاووڵاتییانە دەبێت کە لەو 12 رۆژەدا ناویان تۆمار دەکەن.
ئەم ساڵ 4685 کەس لە هەرێمی کوردستان فەریزەی حەجیان بەجێهێنا، کە 720ـیان بە رێگەی وشکانی و ئەوانی دیکە بە رێگەی ئاسمانی سەردانی سعودیەیان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ