ئەنجوومەنی وەزیران بۆ کاروباری ئابووری: لەگەڵ شاندی عێراق جەختمان لە چارەسەری پرسە هەڵپەسێردراوەکان کردەوە

08-09-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیران بۆ کاروباری ئابووری فیدراڵی لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. "جەخت لە چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراو و چارەسەرنەکراوەن کرا و لیژنەی تەکنیکییان بۆ دامەزرا لە پێناو جێبەجێکردنی بڕیارەکان."
 
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی ئەیلوولی 2024، نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ کاروباری ئابووری فیدراڵی راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی شاندی باڵای حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان کرد کە ئەمڕۆ لە هەولێر بەڕێوەچوو. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە؛ کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران، وەزیری دەرەوەی عێراق کە هاوکات سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ کاروباری ئابووری و بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. 
 
شاندی لایەنی عێراقی پێکهاتبوون لە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان، وەزیرانی دارایی، بازرگانی، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران، پارێزگاری بانکی ناوەندی، سەرۆکی دیوانی چاودێری فیدرالی، بریکاری وەزارەتەکانی پلاندانان، نەوت، پیشەسازی، کشتوکاڵ، راوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری دەروازەکان، راوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری یاسایی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، سەرۆکی دەستەی گومرگەکان، سەرۆکی دەستەی باجەکان و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکان.   
 
لەلایەنی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەریەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ کاروباری ئابووری کە بریتی بوون لە وەزیرانی دارایی، ناوخۆ، داد، پلاندانان، بازرگانی و پیشەسازی، کارەبا، سامانە سروشتییەکان، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ژمارەیەک لە راوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی.  
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە؛ جێگری سەرۆکوەزیران، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ کاروباری ئابووری، سڵاوی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی گەیاندە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سووربوونی حکومەتەکەی پێ راگەیاندن لەبارەی خستنەرووی سەرجەم کەیسەکان و گفتوگۆکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێداگری لە گەیشتن بە باشترین رێگەچارەی گونجاو کرد لە پێناو بەرژەوەندیی رۆڵەکانی گەل.
 
فوئاد حوسێن، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ کاروباری ئابووری تیشکی خستە سەر کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لەپێناو رێککەوتن و دانانی خشتەی کاری هاوبەش کە چەندین دۆسیەی ئابووری لەخۆ دەگرێت و باسی لە درێژەدان بە دیداری دووقۆڵی لیژنەی تەکنیکی هاوبەش کرد دوای ئەم کۆبوونەوانە لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکان. 
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە دوای گفتوگۆیەکی زۆر، ئەنجوومەنەکە رەزامەندی دەربڕی لە بە جێبەجێکردنی راسپاردە و بڕیارەکانی لیژنە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەتی بازرگانی و کانزاکانی حکومەتی فیدراڵی و وەزارەتی پیشەسازیی و بازرگانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو کاریان لەسەرکردووە و جەختیان لەوە کردەوە کە بڕیارە هاوبەشەکان بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی بەرزبکرێتەوە بۆ پەسندکردنیان. 
 
هەروەها ئەنجوومەنەکە بڕیاریدا بە گرتنەبەری رێوشوێنی تایبەت بۆ تەواوکردنی پرۆسەی بەستنەوەی ئەلیکترۆنی و دامەزراندنی سەکۆیەکی دیاریکراو بۆ یەکگرتنەوەی مۆڵەتەکانی هەناردە و هاوردەکردن و ئاڵوگۆڕی داتا ئەلیکترۆنییەکان بۆ یەکخستنی رێکارە تایبەتەکان بۆ تۆماری کۆمپانیا و کارگەکان لە نێوان وەزارەتەکانی بازرگانی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان.  هەروەها پێداگری کرا لە پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسووڵەی خۆراک لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان. 
 
ئەنجوومەنەکە بڕیاری پێکهێنانی لیژنەی تەکنیکی هاوبەشی دا بۆ ئەوەی لە ماوەی مانگێکدا کارەکانیان تەواو بکەن و راسپاردەکانیان پێشکێشی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووری بکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە:
 
یەکەم: یەکگرتنەوەی رێکارەکانی هەڵسەنگاندن و هاوشێوەکردنی کاڵا و کەرەستە هاوردەکراوەکان بۆ ناوخۆی عێراق.
 
دووەم: یەکگرتنەوەی میکانیزمی هاوردە و هەناردەکردنی زێڕ و کانزا گرانەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگای پێوانەی ناوەندی و کۆنترۆڵی جۆری هەردوولایەن.
 
سێیەم: یەکخستنەوەی رێنماییەکان و پۆلینەکانی بەڵێندەران.
 
جێگری سەرۆکوەزیران پێداگریکرد لە گرنگی سەرخستنی پرۆسەی سەرژمێری گشتیی بۆ دانیشتووان کە ئەنجامەکەی دەبێتە هۆی گەشەپێدان و چارەسەرکردنی زۆربەی زۆری کێشەکان کە پەیوەندییان بە ئامار و رێژەی دانیشتووان و نوێنەرایەتیکردنی پەرلەمان و چەندین بابەتی دیکەوە هەیە.
 
هەردوولایەن رێککەوتن لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ تەواوکردنی هەموو ئامرازێکی پەیوەندیدار بۆ تەواوکردنی ژێرخانی تایبەت و کاروباری لۆجیستی و هونەری و دابینکردنی کارمەند بۆ پرۆسەی سەرژمێری.
 
ئەنجوومەنەکە بڕیاریدا بە بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکانی تەکنیکی و دامەزراندنی چوار تیمی کار و کۆبوونەوەی هاوبەش بۆ کەرتەکانی دارایی و پلاندانان و دەروازەکان، نەوت و گاز، کشتوکاڵ و پیشەسازی، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی. لیژنەکان راسپاردەکانیان بۆ ئەنجوومەن بەرز دەکەنەوە بۆ کۆبوونەوەی دووەم.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە