رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری هەنگەژاڵی بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆڵبەرێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە تەقەی لێکرا و بریندار بوو.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دوێنێ پێنجشەممە 08-08-2024، کۆڵبەرێک بە ناوی رزگار خەلەکانی، خەڵکی سەردەشتی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری هەنگەژاڵی بانە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە تەقەی لێکرا و بریندار بوو.
بەپێی زانیارییەکان، برینی رزگار سەختە و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری بانە.
ئەو هاونیشتمانییە خێزاندارە و باوکی منداڵێکە. دەگوترێت، ئەو کاتەی تەقەی لێکراوە هیچ کاڵایەکی پێ نەبووە و بەبێ ئاگادارکردنەوە تەقەی لێکراوە.
سنووری هەنگەژاڵی بانە لە پارێزگای سنە و سنووری نەوسوود لە پاوەی سەر بە پارێزگای کرماشان زیاترین کۆڵبەرییان تێدا دەکرێت و زۆرینەی کۆڵبەرە کوژراو و بریندارەکانیش لەم دوو ناوچەیەدا بوون.
بەپێی ئاماری ئاژانسی کۆڵبەر نیوز کە هەواڵی تایبەت بە کۆڵبەران بڵاودەکاتەوە، لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا، 34 کۆڵبەر لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستداوە و 236 کەسیش بریندار بوون. 20 کەس لەو کۆڵبەرانە تەمەنیان خوار 18 ساڵە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ