رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێی هەولێر، بەشێکی دانیشتووانی شارەکە چەند رۆژێک بێ ئاو بوون و هێشتا لە هەندێک شوێنیش بێ ئاوییەکە بەردەوامە. بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت، پڕۆژەکە کەوتووەتەوە کار و چاوەڕێ دەکرێت لە 24 کاژێری داهاتوودا ئاو بگاتەوە هەموو ماڵەکان.
ئەندازیار هیوا عەبدولڕەزاق، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی ئیفراز 3ـی هەولێر ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە بەیانیی دوێنێ پێنجشەممەوە پڕۆژەکەمان دەستی بەکارکردن کردووەتەوە و لە 24 کاژێردا 185 هەزار مەتر سێجا ئاو بەرهەم دەهێنێت".
پڕۆژەکانی ئیفراز لە هەولێر نیوەی ئاوی خاوێنی سنوورەکە دابین دەکەن. تەنیا پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ سەرچاوەی سەرەکیی 40 گەڕەکی شاری هەولێرە.
05ـی ئەم مانگە پارێزگای هەولێر رایگەیاند، بەهۆی شکانی بۆری و چاکسازیکردن لە هێڵەکە، بۆ 34 کاژێر دابەشکردنی ئاو رادەگیرێت و گوتی، "پڕۆژەی چاککردنەوە و کارپێکردنی وێستگەیەکی دیکەی پڕۆژەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز سێ بە توانای 500 مەتر سێجا ئاو لە کاژێرێكدا دەکەوێتەکار کە کۆی گشتی لە رۆژێکدا 60 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ شاری هەولێر زیاد دەکات".
هەرچەندە پڕۆژەکە کەوتووەتەوە کار، بەڵام بەشێکی هەولێر تاوەکو ئێستا بێ ئاوە و نرخی ئاوی خاوێنیش بەرزە. بەڕێوەبەری ئیفراز سێ گوتی، "لە دوێنێوە ئاو دابەش دەکرێت، بەڵام بەهۆی خاڵیبوونەوەی بۆرییەکانی ئاوەوە نەتوانراوە ئاو بگەیێندرێتەوە هەموو گەڕەکەکان. هەندێک گەڕەکیش ئاویان بۆ چووە و لە رێگەی قوفڵەوە بە نۆرە ئاو دەدرێتەوە ماڵەکانیان".
هیوا عەبدولڕەزاق گوتیشی، "پێشبینی دەکەم لە 24 کاژێری داهاتوودا هەر ماڵێک تاوەکو ئێستا ئاوی بۆ نەچووبێت، ئاوی پێ بگات".
جگە لە پڕۆژەکانی ئیفراز، هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستێت. بە گوتەی بەڕێوەبەری ئیفراز سێ، 50%ـی دانیشتووانی هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان و ئاوی ژێر زەوی دەبەستن.
هەولێر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەیە؛ ئیفراز یەک کە ساڵی 1967 دروستکراوە؛ ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێ ساڵی 2007 کەوتووەتە کار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ