7 گوندی دیکەی کریستیاننشین لە بەرواری باڵا بەهۆی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا چۆڵکراون

09-07-2024
جیهاد مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان بەردەوامە؛ بەپێی زانیارییەکانی رووداو لە 7 گوندی بەرواری باڵا کە دانیشتووانەکانیان زۆرینە کریستیانن، ناوچەکانیان لە ماوەی هەفتەیەکدا جێهێشتووە.
 
میخائیل مرخایی، موختاری گوندی مێسکا لە بەرواری باڵا رۆژی سێشەممە، 9-07-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "جگە لە گوندەکەی ئەوان، شەش گوندی دیکەش چۆڵکراون."
 
موختاری گوندەکە گوتی: "گوندەکانی مەلختە، کری، سەردەشتێ، حەلوا، چەمێ دەستینێ و بالوک بەهۆی شەڕی ئەم هەفتەیە[ی نێوان تورکیا و پەکەکە] چۆڵکراون."
 
بەپێی بەدواداچوونی رووداو هەریەکێک لەو گوندانە لەنێوان 10 بۆ 15 ماڵی تێدان، ئەوان پێشووتر لەو ناوچانە دەژیان، بەڵام ئێستا هەر خێزانێک چوونەتە ناوچەیەکی دیکە و شوێنەکانی خۆیان جێهێشتووە. 
 
لەبارەی مەترسییەکانی شەڕەکەوە، موختاری گوندی مێسکا دەڵێ: "مەترسیی لەسەر ژیانمان هەبوو، بەشێکی ئەو گوندانە هەر سووتاون.''
 
ئاگر بەشێکی زۆری ناوچە شاخاوییەکانی سنووری بەرواری باڵای گرتووەتەوە و بەپێی میخائیل مرخایی "85٪ـی سووتاوە ناتوانین یەک کاژێریش لەنێو ئەو گوندانە بمێنینەوە.''
 
تورکیا بە بیانووی بوونی گەریلاکانی پەکەکە ئەو ناوچانە بۆردوومان دەکات، میخائیل، موختاری گوندی مێسکا دەڵێت: "پێشتر پەکەکە لە ناوچەی ئێمە هەبووە، بەڵام هیچ جارێک سوپای تورکیا بەو شێوەیە گوندی مەسیحییەکان بۆردوومان و تۆپباران  نەکردووە، ئەوە یەکەمجارە بەمشێوەیە گوندەکانمان دەسووتێن".
 
گوندی میسکا، بە کۆنترین گوندی دەڤەری بەرواری باڵا دادەنرێت، تەنیا 11 خێزانی كریستیانی تێدا مابوون لەگەڵ خێزانێكی موسڵمان، بەڵام لەگەڵ زۆربوونی گرژییەکان و بۆردوومان لە ناوچەکەیان، ئەوانیش ئاوارەبوون.
 
رووداو زانیویەتی، تەنیا لە بەرواری باڵا 32 گوندی زۆرینە کریستیان هەن، کە بەشێک لەو ژمارەیە موسڵمان و کریستیان پێکەوە تێیدا دەژین.
 
بەپێی ئامارێکی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە CPT بۆ رووداو لەماوەی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە هەفتەیەکدا گوندی دیکە چۆڵکراون، بە گشتی ئێستا تەنیا لە سنووری پارێزگای دهۆک 602 گوند چۆڵکراون، 20 هەزار دۆنم زەوی و زاری خەڵک سووتاون 238 جار ناوچە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایە بۆردوومان کراون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە