زانیاریی نوێ لەبارەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە سلێمانی

09-07-2024
ئاسۆ سەراوی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، بۆ دابەشكردنی زەوی ‏بەسەر فەرمانبەراندا 15 هەزار دۆنم زەوی لە سنووری تانجەرۆ، تاسڵوجە ‏‌و سۆتكە ئامادەکراوە.‏
 
زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی لەكاتی ‏بەشداریکردنی لە پۆدكاستی (بەكاتی سلێمانی) كە ئاسۆ سەراوی هەفتانە لە رادیۆی رووداو پێشكەشی دەكات، ‏رایگەیاند، لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی لیژنەیەك بۆ ‏كارەكانی تایبەت بە دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران پێکهێندراوە ‌و گوتیشی، "15 هەزار ‏دۆنم زەوی بۆ جیاکردنەوە لە ناوچەكانی تانجەرۆ، ‌تاسڵوجە ‌و ‏سۆتكە ئامادەیە. هیچ زەوییەك ناكەوێتە دەرەوەی سنووری ماستەرپلانی شارەوە".‏
 
گوتەبێژی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی گوتی، ئەو ‏زەویانە 200 مەترین ‌و بۆ هەر مەترێكیش 5 هەزار دینار وەردەگیرێ،‌ "واتە ئەو فەرمانبەرەی زەویەكی ‏‏200مەتری پێدەدرێت، تەنیا بڕی یەك ملیۆن دیناری لێوەردەگیرێ‌ بۆ ‏تاپۆ كردنەكە ‌و هیچ بڕە پارەیەكی دیكە نادات". ‏
 
لەبارەی ئەوەی ئایا پێش دابەشكردنی زەوییەكان، خزمەتگوزاری دەبرێتە ‏ئەو شوێنانە یان بەشێكی پارەکەی کە وەردەگیرێت بۆ خزمەتگوزاری خەرج دەكرێتەوە؟ وەڵامی گوتەبێژەكەی ‏سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئەوە بوو كە هێشتا ئەوە یەكلایی ‏نەبووەتەوە و گوتیشی، "بەڵام لێرەوە داوا دەكەم بەشێكی ئەو پارەیە بۆ ‏گەیاندنی خزمەتگوزاری بەكاربێتەوە".‏
 
ئایا كەسانی خانەنشین دەتوانن لە بڕیاری تایبەت بە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بن، زەردەشت رەفیق گوتی، "ئەوانەی لە ساڵانی نەوەدەکاندا خانەنشینبوون سوودمەند نابن، بەڵام ‏ئەوانەی پێشتر فەرمانی وەرگرتنی زەویان هەبووە و ئێستا خانەنشینن، ‏بەتایبەت ئەوانەی دوای 2007 خانەنشین بوون، دەتوانن فۆڕم ‏پڕبكەنەوە و سوودمەند بن. تەنانەت ئەگەر كەسەكە لە ‏ژیانیشدا نەمابێت، بەڵام فەرمانی وەرگرتنی زەوی هەبێت، ئێستا ‏واریسەكەی دەتوانێ‌ سوودمەند بێت".‏
 
گوتەبێژەكەی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی گوتی، ئەگەر فەرمانبەرێك ژیانی هاوژینی پێكهێنابێت، بەڵام پێشتر سوودمەندبوو‏بێت لە وەرگرتنی زەوی یان خانوو یان خانووی زێدەڕەوی لەسەر تاپۆ ‏كرابێت، ئێستا هاوژینەكەی دەتوانێ‌ فۆڕم پڕبكاتەوە و زەوی وەربگرێت. زەردەشت رەفیق دەڵێت: "ئەگەر دوو فەرمانبەر ‏هاوژینی یەکدی بن ‌و پێشتریش هیچیان سوودمەند نەبووبن، ئەوا ئێستا بۆ ‏وەرگرتنی زەوی خاڵی هەردووكیان كۆدەكرێتەوە".‏
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی شارەوانی سلێمانی، ئەگەر ‏فەرمانبەرێك پێشتر خانووی زێدەڕۆی لەسەر تاپۆكرابێت یان خانووی لە ‏حكومەت وەرگرتبێت، مافی نییە فۆڕم پڕبكاتەوە، چونكە بە سوودمەند ‏هەژمار دەكرێت و ئاماژەی بەوەشکرد، "هەموو فەرمانبەرێك بەڵێننامەی ئەوەی لێوەدەگیرێ‌ كە ‏پێشتر سوودمەندنەبوو بێت. ئەگەر فەرمانبەرێك ئاشكرا بوو كە پێشتر ‏سوودمەند بووە، بەڵام فۆڕمی پڕكردووەتەوە، ئەوا بەدڵنیاییەوە تووشی سزای ‏یاسایی دەبێت".‏
 
بە گوێرەی رێنماییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو فەرمانبەرێك كە ‏8 ساڵ خزمەتی هەبێت، دەتوانێ‌ فۆڕمی وەرگرتنی زەوی پڕ بكاتەوە، ‏بەڵام فەرمانبەرانی گرێبەست ناتوان فۆڕم پڕبكەنەوە.‏

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە