رووداو دیجیتاڵ
کیلۆیەک گۆشتی بەرخ لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بە 24 هەزار دینارە. بازرگانێکی گۆشت دەڵێت، نرخی ئاژەڵ لە وڵاتانی ناوچەکە بە گشتی بەرزبووەتەوە.
حەسەن خەیلانی، بازرگانی فرۆشتنی گۆشت لە هەولێر رۆژی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ کیلۆیەک گۆشتی بەرخی کوالێتیی باش دەگاتە 24 هەزار دینار، هەروەها نەرمەی گوێرەکە کیلۆیەک 20 هەزار دینارە".
هەر ئەمڕۆ نەجمەدین عەلی، گۆشتفرۆش لە شاری سلێمانی بە رووداوی گوت: "کیلۆیەک گۆشتی بەرخ 24 هەزار دینارە؛ کاوڕ 22 هەزارە و کیلۆیەک نەرمەی گوێرەکەی کوردیش 22 هەزار دینارە".
نەجمەدین قەساب گوتیشی، ئێستا لە فڕۆکەخانەکانەوە گوێرەکەی هیندی دەهێندرێت و نرخی گۆشتیان بەراورد بە خۆماڵی هەرزانترە و نەرمەکەی کیلۆی 17 هەزار دینارە.
دوو مانگ لەمەوبەر کیلۆیەک گۆشتی بەرخ 22 بۆ 23 هەزار دینار و گۆشتی گوێرەکەش کیلۆی 18 هەزار دینار بوو.
لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخ، حەسەن خەیلانی گوتی: "ئاژەڵ بە گشتی و لە سەرچاوەکانییەوە گران بووە. ئێستا هەر گۆشتفرۆشێک لە تورکیا و ئێرانەوە ئاژەڵ هاوردە بکات لەجیاتی قازانج زیانیش دەکات. ئەوەی ماوەتەوە بۆ هاوردەکردن ئاژەڵی سووریایە و ئەویش باش نییە".
لە هەرێمی کوردستان، نزیکەی 100 پڕۆژەی دابەستەکردنی گوێرەکە هەن.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان 5 ملیۆن مەڕ و بزن و 250 هەزار گا و مانگا هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ