رووداو دیجیتاڵ
فەرهاد پیرباڵ، نووسەر و مامۆستای زانکۆ دەڵێت، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان خۆی بەربژێر دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 09-06-2024 د. فەرهاد پیرباڵ، نووسەر و مامۆستای زانکۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ یان سبەی، وەکو بەربژێری سەربەخۆ لە هەولێر دەچمە نووسینگەی کۆمیسیۆن و ناوی خۆم تۆمار دەکەم."
پێشتر بڕیاربوو 10ی حوزەیران هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام ناڕەزایی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە هۆی دواخستنی هەڵبژاردنەکە.
مانگی ئاداری ئەم ساڵ لەکاتی ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆندا، پێش دواخستنی کاتی هەڵبژاردن، د. فەرهاد پیرباڵ، سەردانی ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی کردبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی کارتی بایۆمەتریی دەنگدانی نەبوو، کە یەکێکە لە مەرجەکانی خۆبەربژێرکردن، نەیتوانی فۆڕمەکە وەربگرێت.
د. فەرهاد پیرباڵ لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2005 بەشداریی کرد، کە لیستێکی هەبوو بەناوی لیستی بێلایەنەکان و توانیی 10 هەزار و 262 دەنگ بەدەستبهێنێت، بەڵام نەیتوانی هیچ کورسییەک بباتەوە.
فەرهاد پیرباڵ، نووسەر، شاعیر و رووناكبیر لە 20ی ئابی 1961 لە شاری هەولێر لەدایکبووە. نووسەری نزیكەی 60 بەرهەمی ئەدەبی، شانۆیی و لێكۆڵینەوەیە لەسەر مێژوو و ئەدەبی كوردی.
تاوەکو ئەمڕۆ رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری نەکراوە. کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق 5ی ئەیلوولی پێشنیاز کردووە، بەڵام رۆژەکە دەبێت بە مەرسوومی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی دیاری بکرێت.
دوێنێ جارێکی دیکە دەرگەی تۆمارکردنی لیست، هاوپەیمانی و بەربژێرانی سەربەخۆ لە هەرێمی کوردستان کرایەوە. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، پێشتر دوو هاوپەیمانی، 10 پارت و 58 بەربژێری تاک تۆمار کرابوون، بەڵام رەنگە گۆڕانکاری رووبدات، چونکە ئێستا پێنج کورسیی کۆتا گەڕاونەتەوە.
عیماد جەمیل گوتی، کۆمیسیۆن چاوەڕێی مەرسوومی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات و ئاماژەی بەوەشکرد، بەمنزیکانە مەرسوومەکە دەردەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ