رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لە سنووری شارباژێر لە پارێزگای سلێمانی و پردێ لە سنووری کەرکووک کەوتووەتەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی و هاونیشتمانییان لە هەوڵی کوژاندنەوەیاندان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 09-06-2024، ئاگر لە زەوییەکانی چەند گوندێکی سنووری قەزای شارباژێری پارێزگای سلێمانی کەوتەوە و هاونیشتمانییان و تیمەکانی بەرگریی شارستانی هەوڵی کوژاندنەوەی دەدەن، بەڵام تاوەکو ئێستا نەکوژاوەتەوە.
ئاگرەکە زەویوزاری گوندەکانی سنووری بایزاوا، باڵخ، کۆڵەرد، کوڵەجاخ و کارێزەی گرتووەتەوە.
هاونیشتمانییەک کە سەرقاڵی کوژاندنەوەی بەشێک لە ئاگرەکە بوو قسەی بۆ نزار جەزا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: ''ئاگرەکە دەوروبەری کاژێر 09:30ـی بەیانی کەوتەوە. بە رێگەدا دەڕۆیشتم ئاگرەکەم بینی و تراکتۆرم هێنا و ئاگربڕم لێدا بۆ ئەوەی تەشەنە نەستێنێت".
تیمەکانی بەرگریی شارستانی و پۆلیسی دارستانیش سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن، بەڵام هەڵکردنی با هۆکار بوو بۆ ئەوەی ئاگرەکە نەکوژێتەوە. شایەتحاڵێک بە رووداوی گوت: ''جارێک ئاگرەکەیان کوژاندەوە، بەڵام بەهۆی بایەکی بەهێزەوە، سەری هەڵدایەوە.''
هاونیشتمانییەکی دیکە گوتی: ''رێگە نییە بچینە بەشی سەرەوەی ئاگرەکە، چونکە هەمووی مینی تێدا چێندراوە. لای خوارەوەش کەمێک کۆنترۆڵکرا، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ ئەو بایە بەهێزە هیچ ناکرێت''.
ئاگرەکە لە رووبەرێکی زۆری شاخ و زەویوزار کەوتووەتەوە و ئەوەش کۆنترۆڵکردنی ئەستەم کردووە. هاوکات لە سنووری پردێ لە پارێزگای کەرکووکیش ئاگر کەوتەوە.
لەو بارەوە عەبدولموتەلیب نەجمەدین، بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ لە میانی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 16:00ی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی: "ئاگرەکە بەهۆی سووتاندنی پەرێزی دانەوێڵەی دروێنەکراوەوە دروستبووە".
بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ گوتیشی: "بەردەوام رێنوێنی هاووڵاتیانمان کردووە ئاگر لە قەسەل بەرنەدەن" و ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێکی زۆری ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ