قوباد تاڵەبانی: کێشەی مووچەی هێزە سەربازییەکان چارەسەر کراوە

09-06-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی حکومەت دەڵێت، تاوەکو سبەی ناو و لیستی مووچەی پێشمەرگە و هێزە سەربازییەکان دەنێردرێتە بەغدا، دەشڵێت، ''گەشبینم هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە داهاتوویەکی نزیکدا دەستپێبکاتەوە.''
 
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 9ی حوزەیرانی 2024) قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی کردنەوەی پڕۆژەیەک و دانانی بەردی بناخەی چەند پڕۆژەیەکی دیکە، سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەکە کۆبووەوە.
 
قوباد تاڵەبانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا سەبارەت بە ئامانجی سەردانەکەی رایگەیاند، ئامانجمان ئەوە بوو؛ لەگەڵ دامودەزگاکان کۆببینەوە، و گوێ لە داواکارییەکانیان بگرین و بزانین خەڵکی تێکۆشەری ئەم دەڤەرە چاوەڕێی چی لە حکومەتەکەیان دەکەن؛ لە نزیکەوە ئاگاداری گرفت و کەموکوڕییەکانیان بین، تاوەکو هاوکارییان بکەین.''
 
''پرسی مووچەی هێزە ئەمنییەکان چارەسەر کراوە''
 
دوای گەیشتنی بڕی 107 ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵەوە بۆ سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ (یەکشەممە) دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایاری خانەنشینانی مەدەنی، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کرا، بەڵام دووبارە کاتی خەرجکردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان دیار نییە.
 
ئەوە لەکاتێکدایە، پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان مووچەی مانگی چواریشیان وەرنەگرتووە. بۆ ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە، وەزارەتی دارایی عێراق داوای لیستی ناوەکانیان دەکات و دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کۆد ناوەکانی ناردوون.
 
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ''ئێمە لیستەکەمان ئامادە کردووە، رێککەوتووین و ناو و لیستی هێزی پێشمەرگە رێکخراوە، ئەگەر ئەمڕۆ نەگەیشتبێت [بۆ بەغدا]، سبەی لیستەکە دەگاتە دەستیان.''
 
قوباد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، ''پێموایە ئەو بەربەستەی هەبووە لە پرسی مووچەی هێزە سەربازییەکانمان چارەسەر بووە و  ئەم کێشەیەش تێپەڕ دەکەین.''
 
پرسی نەوت
 
بە بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، لە 25ـى ئادارى 2023ـەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیراوە.
 
ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان، لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کۆبوونەوە.
 
کۆمپانیاکان گرێبەستی جۆری هاوبەشی بەرهەمهێنانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە. لە کاتێکدا گرێبەستەکانی حکومەتی عێراق گرێبەستی خزمەتگوزارین. بەوپێیەش تێچووی گرێبەستەکان لە هەرێمی کوردستان زۆر زیاترە لە عێراق و ناکۆکی لێکەوتووەتەوە. 
 
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە سەردانەکەی شاندی حکومەت و کۆمپانیا نەوتییەکانی بۆ بەغدا کرد و گوتی، ''گەشبینم هەناردەی نەوت دەستپێدەکاتەوە، پێموایە دەگەینە ئەنجامێک. هەندێک بەربەستی تەکنیکی و سیاسی لەم پرسەدا هەن.''
 
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، ''[بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت] سەلماندوومانە کە بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ و سەردانەکانمان بۆ بەغدا و سیاسەتێکی واقیعانە، بە جۆرێک کە لە هەلومەرجەکە تێبگەین و بتوانین ژیرانە بڕیاری خۆمان بدەین.''
 
قوباد تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە، ''دڵنیام لە داهاتوویەکی نزیکدا کێشەی نەوتیش چارەسەر دەبێت، ئەوکات ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانین بگەڕێینەوە سەر کاری لەپێشینەی خۆمان، کە چۆن باشتر خزمەتگوزاری بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بگەیێنین.''
 
حکومەتی عێراق پێشنیازی نزیکەی 26 هەزار دیناری بۆ کۆی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت و گواستنەوەی بە کۆمپانیاکان کردووە، بەڵام ئەوان داوای 48 هەزار بۆ 50 هەزار دینار دەکەن.
 
قوباد تاڵەبانی دەڵێت، ''تێڕوانینی جیاواز هەیە، پێموایە تیمەکانمان توانیویانە بەرچاوڕوونییەک بدەن لە جیاوازیی نێوان جۆری گرێبەستەکان، بۆیە پێموایە دەگەینە ئەنجامێک.''
 
جێگری سەرۆکی حکومەت گوتیشی،''هەر کەسێک شتێک لە نەوت بزانێت، دەزانێت هۆکار هەیە بۆ زیاتربوونی تێچووی دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، بەڵام هەندێک کەس دەیانەوێت بیکەنە بابەتێکی سیاسی.''
 
بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست
 
تاوەکو ئێستا هیچ یاسایەک نییە بڕیار بدات فەرمانبەرانی گرێبەست بکرێنە هەمیشەیی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ''ئێمە لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارمان داوە پێداچوونەوەیەک بە تەواوی ئەو لیستی گرێبەستەکاندا بکەین، پلان ئەوەیە گرێبەستەکان بە هەمیشەیی بکرێن، تاوەکو ئەو ماف و خزمەتگوزارییانەی بۆ کارمەندێکی هەمیشەیی هەیە، بۆ ئەوانیش هەبێت.''
 
لە هەرێمی کوردستاندا 30 هەزار فەرمانبەری گرێبەست هەن، کە تێکڕای مووچەیان 14 ملیار دینارە. بەپێی بەدواداچوونی رووداو، 15 هەزار فەرمانبەری گرێبەست لە وەزارەتی شارەوانین کە زۆرترینە، وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا، تەندروستی و پەروەردە لە پلەکانی دووەم تاوەکو چوارەم دێن.
 
''ئەو پڕۆژانەی راگیراون وەگەڕدەخرێنەوە''
 
قوباد تاڵەبانی باسی لە هۆکاری دواخرانی هەندێک لە پڕۆژەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین کرد و گوتی، ''پڕۆژەکان لە راپەڕین بەردەوام بوون، راستە کێشە داراییەکان رێگر بوون لە جێبەجێکردنی هەندێکیان، بەڵام چەند پڕۆژەیەک نزیک بوونەتەوە لە تەواوبوون و پێویستییان بە تەمویلێکی کەم هەیە، ئێمە رەزامەندیی خۆمان دەربڕیوە و دواتر ئەنجامەکەشی کە ئیدارەکە رایدەگەیێنێت، دەبینن.''
 
قوباد تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە، ''بێگومان پڕۆژەکان لە راپەڕین بەرەبەرە دەکەونەوە گەڕ و ئەنجامیان دەبێ و تەواویش دەبن.''

 

 
نوێدەکرێتەوە... 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک ئاسایشی سووریا لە نزیک دیمەشق جێگیر کراون. وێنە: AFP

بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەر لەبارەى رووداوەکانی سووریا: رێگەچارەی سەربازى هەرگیز ئەنجامى نەبووە

بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەرى هەرێمى باکوور و رۆژهەڵاتى سووریا رایگەیاند، نیگەرانن لەو پێشهاتانەى لە شارەکانى سەحنایا و جرمانا روویانداوە و دەڵێت، "رێگە چارەى سەربازیى هەرگیز ئەنجامى نەبووە لە مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوەکانى سووریا".