15 ساڵە خاشاکی 4 شارەوانیی حاجیاوا لە شوێنێکی گەشتیاری فڕێدەدرێت

09-04-2025
عەدنان رەشید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

15 ساڵە دامێنی چیای مامۆک بووەتە شوێنی فڕێدانی خاشاکی چوار شارەوانی. بەگوێرەی شارەوانیی حاجیاوا، رۆژانە زیاتر لە 130 تۆن زبڵ و خاشاک لەو شوێنە فڕێدەدرێت. شارەوانییەکانی راپەڕین دەڵێت، بەزووترین کات و پێش دەستپێکردنی وەرزی گەرما، شوێنی زبڵخانەکە دەگوازنەوە و لە پلانیاندایە کارگەی ریسایکلین دروستبکەن.
 
لە دامێنی چیای مامۆک، خاشاکی وەک کەلاکی ئاژەڵ، پاشماوەی پزیشکی و ماڵان فڕێدەدرێن. بەشێکیان دەسووتێنرێن و بۆنی پیس بڵاودەکەنەوە.
 
رێباز ئەحمەد، دانیشتووی حاجیاوا، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی "ماڵەکەم نزیکی زبڵخانەکەیە و رۆژانە بەرکەوتەم لەگەڵ زبڵ هەیە، کاریگەری زۆری لەسەرمان داناوە و بۆنی پیس بڵاودەکاتەوە، لەبەر بۆن، ناتوانین فێنککەرەوە هەڵکەین. پلاستیک، پاشماوەی خۆراک، شووشە بەشێکیان دەبنە مەترسی لەسەر ژیانی خەڵکەکە. لە شوێنەکە سەگی بەڕەڵڵا زۆرن. شوێنەکە پێشتر گەشتیاری بوو، ئێستا بووەتە زبڵخانە."
 
 
ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو سەردانی شوێنی خاشاکەکەی کرد و لەگەڵ دانیشتووان و کاسبکارانی نزیک ئەو شوێنە قسەی کرد.
 
جوانڕۆ ئیسماعیل، کاسبکارە و بە پەیامنێرەکەی رووداوی گوت "کەلاک، پاشماوەی پزیشکی، خواردن و هەموو شتێکی لێ فڕێدەدەرێت، مەڕ و ماڵات دێنە نێو زبڵەکە و ئێرە شیاو نییە بۆ ئەو زبڵە کە نزیکە لە ماڵان."
 
 
زرار سلێمان، ئاژەڵدارە و رۆژانە ئاژەڵەکانی دەباتە دەوروبەری چیای مامۆک بۆ لەوەڕاندن. دەڵێت "ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا 20 سەر ئاژەڵم بەهۆی خواردنی زبڵ و خاشاکەوە مرداربوونە، شیر و ماستەکەشیان ناخورێت، بێز لە گوشتەکەشیان دەکەمەوە، هەموو شتێکی لێ فڕێدەدرێت، تەنیا لاشەی مرۆڤ نەبێت."
 
ئاکام عەزیز، چالاکڤانێکی ژینگەییە و مامۆستایە لە زانکۆی راپەڕین، لە بەرپرسیارەوە گوتی: خاشاکەکە 400 مەتر لە ماڵان دوورە. "کێشەکە ئەوەیە؛ بەشێوەی زانستی ژێرخاک ناکرێن، سنوورەکە ناوچەیەکی چڕی دانیشتووانە و گواستنەوەی شوێنەکە چارەسەر نییە. دواجار بە هەر شێوازێک بێت، دەبێ چارەیەکی زانستیی بۆ بدۆزرێتەوە."
 
 
بەرپرسانی سنوورەکە ئاگادارن شوێنەکە شیاو نییە بۆ فڕێدانی زبڵ، تەنانەت خاشاکەکە بەشێوەی زانستی ژێرخاک ناکرێ.
 
ئەزوەر جەعفەر، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجیاوا، بە رووداوی گوت "لە ماوەی 15 ساڵی رابردوو بەشێوەی کاتی ئەو زبڵە لە چیای مامۆک ژێرخاک کراوە. چارەسەر تەنیا دروستکردنی کارگەی ریسایکلینە لە سنوورەکە، تاوەکو ئێستا ژمارەی دانیشتووانی حاجیاوا زیادیکردووە، شار فراوانبووە و ئەو شوێنە گونجاو نییە، بە ناچاری ئێستا هەر دەتوانین کەمێک دوورتری بخەینەوە."
 
ئەندازیار رێباز محەممەد، لێپرسراوی بەشی ژینگە و خزمەتگوزاری لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی راپەڕین، لە بەرپرسیار، هەوڵی چارەسەریی ئیدارەی راپەڕینی بەمشێوەیە خستەڕوو "لەگەڵ شارەوانیی حاجیاوا و بەڕێوەبەری ناحیە لەهەوڵداین شوێنێکی گونجاو بە زووترین کات بۆ فڕێدانی زبڵی حاجیاوا دەستنیشان بکەین و پێش دەستپێکردنی وەرزی گەرما خاشاکەکە دەگوازینەوە. ژێرخاک کردنی خاشاک ئەگەر ناچاری نەبێ شیاو نییە."
 
 
لەبارەی کارگەی ریسایکلینیشەوە، ئەندازیار رێباز محەممەد گوتی، "پلانمان بۆ دروستکردنی کارگەی ریسایکلین داناوە، کێشەی زەوی و بودجەی هەیە، ئێستا لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە هەوڵداین کارەکانی دروستکردنی کارگەکە دەستپێبکاتەوە."
 
ئەو شوێنەی خاشاکی حاجیاوای لێ فڕێدەدرێ گەشتیارییە، لە سنووری ئیدارەی راپەڕین هەمان کێشە لە قەزاکانی رانیە و قەڵادزێش هەن و تاوەکو ئێستا رێگە چارەی بنەڕەتی بۆ ئەو کێشەیە نەگیراوەتەبەر.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جووتیارێک لە بەرهەمی گەنمەکەی دەڕوانێت. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

وەزارەتی کشتوکاڵ: گەنمی ئەم ساڵ ناگاتە ملیۆنێک تۆن

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە کە جووتیارانی ئێمەش بۆ وەرگرتنی گەنم، وەکو جووتیارانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش ئەمڕۆ وەزیری کشتوکاڵ نووسراوێک بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکات. گوتیشی، "بەرهەمی ئەم ساڵ ناگاتە ملیۆنێک تۆن."