ئاڵوگۆڕکارێکی دراو لە هەولێر: خەڵک دۆلاری زۆر دەهێنن و دەیفرۆشن

09-04-2023
هەستیار قادر
نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ بازاڕى دراو لە عێراق جیاواز بوو، تابلۆى نووسینگەکانى ئاڵوگۆڕى دراو 100 دۆلارى بە کەمتر لە 145 هەزار دینار خوێندەوە. زیاتر لە حەوت مانگە بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار ئەوەندە بەرز نەبووەتەوە. 
 
نازم مەنتک، ئاڵوگۆڕکارێکی دراوە لە هەولێر و دەڵێت: خەڵک دۆلاری زۆر دەهێنن و دەیفرۆشن لە ترسی ئەوەی 100 دۆلار ببێنە 132 هەزار دینار.  
 
هۆکارە ئاشکراکەى ئەو گۆڕانە، خستنەبازاڕى زیاتر لە 281 ملیۆن دۆلار بوو لەلایەن بانکى ناوەندییەوە کە زیاتر لە هەشت مانگە دۆلار بەو قەبارەیە نەخراوەتەڕوو.
 
بانکى ناوەندیى، یەک دۆلار بە 1310 دینار دەفرۆشێت، دەیەوێت بەهاى دینار لە بازاڕە نێوخۆییەکان نزیکتر ببێتە لەو نرخە کە ئێستا مامەڵەى پێوە دەکرێت کە 1450 دینارە.
 
تووندکردنەوەى رێوشوێنەکانى بانکى ناوەندى بۆ فرۆشتنى دۆلار لە ماوەى هەشت مانگى رابردوودا بۆ رێگرى بوو لە بەقاچاخبردنى. 
 
بەگوێرەى راپۆرتێکى پێگەی میدڵ ئیست ئای، بەر لەو رێوشوێنە ئێران بەشێوەیەکی سەرەکی پشتی بە بازاڕی رەشی دراوی عێراق بەستبوو، ئەو پێشهاتە نوێیە پشکى شێرى زیانەکانى بەو وڵاتە کەوتووە. 
 
بانکى ناوەندیى عێراق لە ماوەى پێنج مانگدا چارەیەکی سێ قۆناخی راگەیاند بۆ بەرزکردنەوەى بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار و رێگریکردن لە قاچاخچێتیکردن بە دراوەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە