ئایدن مەعرووف: هەوڵێک هەیە تورکمانەکان بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردن بکەن

09-03-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئایدن مەعرووف دەڵێت، بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بۆ لادانی کورسیی کۆتا، "مەبەستی سیاسیی" لەپشت بوو. دەشڵێت، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پاڵپشتیی پێکهێنانی یەک لیستی هاوبەش بۆ لایەنە تورکمانەکان دەکەن.
 
رۆژی شەممە 09-03-2024 ئایدن مەعرووف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانیی عێراقی و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی و نەمانی کورسیی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، "بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لە دەرەوەی یاسایە و دژی سیستمی کۆتا، مافەکانی مرۆڤ و رەوشی پێکەوەژیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بوو."
 
21ی شوبات دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵایەکی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکلاکردەوە و کورسیی کۆتای پێکهاتەکانی نەهێشت، ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیشی بۆ 100 کورسی کەمکردەوە. ئایدن مەعرووف لەوبارەوە گوتی، "بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێک نییە و تەنیا بۆ تێکدانی رەوشی پێکهاتەکان بوو."
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی دەڵێت، هەرچەندە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی یەکلاکەرەوەیە و تانەی لێ نادرێت، "بەڵام کاتێک مەبەستی سیاسیی لەپشتە، گرنگە ئێمەش لە رێگەی سیاسییەوە بابەتەکە چارەسەر بکەین."
 
سکاڵاکە کە دادگەی فیدراڵی بڕیاری لەسەر دا، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، سەرۆکی فراکیسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییەوە تۆمار کرابوو.
 
لە سکاڵاکەدا داوای "نادەستووریبوون"ی مادەکانی (36،22،15،9،1)ی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کرابوو، کە پەیوەندییان بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، کورسیی کۆتاکان، تۆماری دەنگدەران و بازنەکانی هەڵبژاردنەوە هەبوو.
 
 
"بڕیارەکە بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان بوو"
 
ئایدن مەعرووف پێیوایە، "ئەم بڕیارە ستەمێکی گەورە بوو کە لە پێکهاتەکان کرا و هەڵەیەکی مێژوویی بوو، ئەم لایەنە سیاسییانە کە ئێستا بە دەستکەوت سەیری دەکەن، لە داهاتوودا پەشیمان دەبنەوە."
 
وەک وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، "مەبەستی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی زیاتر لاوازکردنی پێگەی سیاسیی هەرێمی کوردستانە و لێدانە لە قەوارە سیاسییەکەی."
 
ئایدن مەعرووف داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکات بەرامبەر بڕیارەکە هەڵوێستیان هەبێت و "بە جددی" هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی بابەتەکە بدەن.
 
پێشتر پێکهاتەی تورکمان لە 11 کورسیی کۆتای پەرلەمانی کوردستان پێنج کورسیی هەبوو. وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، "پێکهاتەی تورکمان بێ سیستمی کۆتاش بەشداریی پڕۆسەی هەڵبژاردن دەکات. گرنگ بەشداریی پێکهاتەکانە لە پڕۆسەکەدا و ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لە کاتی خۆیدایە، کە رەهەندێکی نیشتمانی و سیاسیی هەیە."
 
"پاڵپشتیی یەک لیستی دەکەین"
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رۆژی 10-06-2024ی وەکو وادەی هەڵبژاردنی خولی سەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە، ئایدن مەعرووف لەوبارەوە دەڵێت، "پێشوازی لە وادەی هەڵبژاردن دەکەین و ئێستا هەوڵێک لە ئارادایە بۆ ئەوەی سەرجەم لایەنە تورکمانییەکان بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن."
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی ئاماژەی بەوە کرد، یەکڕیزی و یەکبوونی لایەنە سیاسییە تورکمانییەکان پێگەی سیاسییان بەهێز دەکات، گوتیشی، "ئێمە وەکو بەرەی تورکمانی، بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پاڵپشتیی پێکهێنانی لیستێکی هاوبەش لە نێوان لایەنە تورکمانییەکان دەکەین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە