پەرلەمانتارێک: 450 قوتابخانە لە چوارچێوەی رێککەوتنی عێراق و چین لە هەرێمی کوردستان دروستدەکرێن

09-03-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی نیشتمانیی وەبەرهێنان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە پێی راگەیاندوون کە لەو هەشت هەزار قوتابخانەیەی لەچوارچێوەی رێککەوتنی عێراق و چین دروستدەکرێن، 450 قوتابخانەیان لە هەرێمی کوردستان دەبن. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 09-03-2023، سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری، پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانی عێراق لەبارەی رێککەوتنی عێراق و چین بۆ دروستکردنی هەشت هەزار قوتابخانە لە عێراق رایگەیاند، "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی ئابووری، پیشەسازی و بازرگانی لەگەڵ بەرپرسی ناوەندی نیشتمانی بۆ وەبەرهێنان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، داوای پشکی هەرێمی کوردستانم کرد لەو  هەشت هەزار قوتابخانەیەی کە بەپێی رێککەوتنی عێراق و چین لە عێراق دروستدەکرێن. ئەویش پێی راگەیاندین کە 450 قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن."
 
سۆران عومەر گوتی: "قۆناخی دووەمی دروستکردنی قوتابخانەکان بڕیارە 15ـی ئایاری ئەمساڵ لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە رابگەیێندرێت و سێ هەزار قوتابخانە لەخۆدەگرێت. لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک 450 قوتابخانە دروستدەکرێن و هەر پارێزگایەک 150 قوتابخانەی تێدا دروستدەکرێت. قۆناخی سیێەمی پڕۆژەکەش دروستکردنی چوار هەزار قوتابخانە لەخۆدەگرێت."
 
ساڵی 2019 عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق رێککەوتنێکی لەگەڵ چین کرد، بەڵام خۆپێشاندانەکانی ئەو ساڵە جێبەجێکردنەکەیانی دواخست.
 
رۆژی 18-6-2022، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق لە بەغدا بەردی بناخەی قوتابخایەکی لەچوارچێوەی رێککەوتننەکەدا دانا، وەک سەرەتایەک بۆ دروستکردنی هەزار قوتابخانە کە لە قۆناخی یەکەمدا دروست دەکرێن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 9-3-2023، سەیوان عەلی، بریکاری وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لەو قوتابخانانەی بڕیارە لە عێراق دروستبکرێن، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هێشتا دیار نییە ئەو قوتابخانانەی بڕیارە لە عێراق لەلایەن چینەوە دروستبکرێن هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە یان نا. ئێمە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی عێراق قسەمان لەو بارەیەوە کردووە. ئەوان داوایانکرد بە فەرمی داوای پشکی هەرێمی کوردستان بکەین و بەنیازین ئەو داوایە بکەین."
 
ئەو قوتابخانانەی بەپێی رێککەوتننامەکە جێبەجێدەکرێن 12، 14 و 24 پۆلی دەبن و بەپێی دیزاینی نوێ دروستدەکرێن. قۆناخی یەکەمی پرۆژەکە کۆتایی ئەمساڵ تەواو دەبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

12-11-2024 2

نێچیرڤان بارزانی: پیرۆزبایی لە حکومەت و گەلی ئازەربایجان دەکەم بۆ میوانداریکردنی لووتکەیەکی سەرکەوتوو

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی سەرۆکی ئازەربایجان دەکات لە بەرامبەر بانگهێشتکردنی بۆ کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە کەشوهەوا ناسراو بە کۆپ 29، کۆنفرانسەکەش بە سەرکەوتوو و باش رێکخراو ناودەبات.