بەهۆی بەفربارینەوە لە قوتابخانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرایە پشوو

09-02-2025
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی سەرماوسۆڵەوە، لە سەرجەم قوتابخانە و بەشێکی دامەزراوەکانی هەر پێنج پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان و 10 پارێزگای ئێران، کرایە پشوو. 
 
چەند رۆژێکە، بارستە هەوایەکی سارد و شەپۆلێکی بەفربارین رووی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کردووە، بەهۆیەوە ئەمڕۆ (یەکشەممە، 9ـی شوباتی 2025) پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان، ئیلام و لوڕستان، هەروەها بەشێکی ئێران کرایە پشوو.
 
عەباس جەعفەری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانەکانی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، بەلەبەرچاوگرتنی بەردەوامیی بەفربارین و دابەزینی پلەی گەرما، ئەمڕۆ سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان، قوتابخانە و زانکۆکان دادەخرێن.
 
عەباس جەعفەری ئاماژەی بەوەش کرد، ''بڕیارەکە دامەزراوە فریاگوزارییەکانی وەکو بانکەکان، فریاکەوتنی خێرا و بنکە تەندروستییەکان ناگرێتەوە.''
 
بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای سنە بڵاویکردەوە، ''بەهۆی بەردەوامیی سەرماوسۆڵە و دابەزینی پلەی گەرما، بڕیاردرا سەرجەم، قوتابخانە، زانکۆ و پەیمانگەکان دابخرێن و فەرمانبەرانی دامەزراوە حکومییەکان 2 کاژێر درەنگتر دەست بە کار بکەن، ئەمەش بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنانی گاز و وزە، بۆ گەرمکردنەوەی شوێنە گشتییەکان." 
 
هاوکات بە فەرمانی مەنوچێهر حەبیبی، پارێزگاری کرماشان، ئەمڕۆ جیا لە دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان، سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان، زانکۆ، پەیمانگە و قوتابخانەکان و تەنانەت بانکەکانی پارێزگاکەش، داخراون.
 
لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانیش، لە قوتابخانەکانی سەرجەم قۆناخەکان، زانکۆ، پەیمانگەکان و دامودەزگا حکومییەکان و بانکەکانی پارێزگاکە پشوو راگەیێندرا. 
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانەکان لە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سەرجەم  دامەزراوە حکومییەکان، قوتابخانە، زانکۆ و پەیمانگەکان دادەخرێن. 
 
جیا لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەگشتی لە 10 پارێزگای ئێرانیش بەهۆی سەرماوسۆڵە و بەمەبەستی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی گاز و کارەبا، پشوو راگەیێندراوە. 
 
بەگوێرەی کەشناسیی ئێران، ئەم شەپۆلەی سەرما و بەفربارین تاوەکو کۆتایی رۆژی سێشەممە بەردەوام دەبێت، دواتر روو لە کەمبوونەوە دەکات، بەشێوەیەک لە زۆربەی ناوچەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە