رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی ژینگە دەڵێت، 15 پاڵاوگەی نایاسایی لە دهۆک و 59 پاڵاوگەش لە هەولێر داخراون کە پابەندی رێنماییەکانی ژینگەپارێزی نەبوون. گوتیشی، ''رەزامەندیمان لە ئەنجوومەنی وەزیران وەرگرتووە ئۆتۆمبێلی کارەبایی پارەی ژینگە نەدات.''
ئەمڕۆ یەکشەممە 09-02-2025، عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری تۆڕيی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''لە بەرەنگاربوونەوەی پیسبوونی ژینگەدا، لەبەرچاوگرتنی پاکیی هەوا کاری لەپێشینەمان دەبێت.''
سێ هۆکاری سەرەکیی پیسبوونی هەوا بریتین لە کارگەکان، ئامێرەکانی گواستنەوە و چڕبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان لە شار و شارۆچکەکاندا.
عەبدولڕەحمان سدیق گوتی، هەوڵ دەدرێت کار لەسەر هەر سێ هۆکارەکانی پیسبوونی هەوا بکرێت، ''لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن هەوڵەکان بەردەوامن لەپێناو دابینکردنی گواستنەوەی گشتی، چونکە ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان لە هەرێمی کوردستاندا گەیشتووەتە نزیکەی دوو ملیۆن و 400 هەزار کە بەشی زیاتریان تایبەتن نەک گشتی.''
لە هەولێر و دهۆک 153 پاڵاوگەی نایاسایی هەن کە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر پیسبوونی ژینگە و هەوا هەیە. بەگوتەی سەرۆکی دەستەی ژینگە، ''لە دهۆک هەر 15 پاڵاوگە نایاساییەکان داخراون، لە هەولێریش لە کۆی ئەو 138 پاڵاوگە، تاوەکو ئێستا 59ـیان داخراون.''
هەر لەبارەی پاراستنی کوالێتیی هەوا گوتیشی، کۆمپانیایەک بۆ هێنانە کایەی ''تەکنۆلۆژیای ژینگەدۆست'' پڕۆژەیەکی پێشکێشی نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە کە ئامێرێکی تایبەت لەسەر ئیگزۆزی ئۆتۆمبێل و موەلیدەکان دابنرێت، بۆ ئەوەی هەوای شار پاک ببێتەوە.
وەک عەبدولڕەحمان سدیق دەڵێت، بە رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارە چوار وێستگەی جێگیر بۆ پێوانەی پاکیی هەوا لە هەولێر دابنرێن.
بەگوتەی سەرۆکی دەستەی ژینگە، سبەی دووشەممە، لەگەڵ شارەزایانی بواری ژینگە، شوێنی دانانی ئامێرەکان لە سنوورەکە دیاری دەکرێت.
''نابێت پارەی ژینگە لە ئۆتۆمبێلی کارەبایی وەربگیرێت''
ئۆتۆمبێلی کارەبایی کە بە دۆستی ژینگە ناسراوە و سووتەمەنی ناوێت، دەبێت لە هەرێمی کوردستان وەک ئۆتۆمبێلەکانی دیکە پارەی ژینگە بدات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، عەقید سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان بە رووداوی گوت: "هیچ رێنماییەکی نوێ نییە بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هەر وەکو ئۆتۆمبێلێکی تایبەت کە بە بەنزین یان گازوایل کاردەکات، مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت".
عەبدولڕەحمان سدیق جەختی لەوە کردەوە، "نابێت پارەی ژینگە لە ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان وەربگیرێت، چونکە ئێمە رەزامەندیمان لە ئەنجوومەنی وەزیران وەرگرتووە کە دراوەتە وەزارەتی ناوخۆ، بۆ ئەوەی باج و رسوومات لە ئۆتۆمبێلی کارەبایی وەرنەگیرێت.''
هاونیشتمانییەک لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ساڵیانە و ئۆتۆمبێلەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێت: "ئۆتۆمبێلی تێسلام ژمارە کردووە پارەی پێنج ساڵی ژینگەیان لێ وەرگرتووم، لەکاتێکدا نە ساڵەنسا، نە رۆنی هەیە و نە بەنزینیشی دەوێت، ئەوەی شلەمەنی بێت تەنیا ئاوی فڵچەکانە لە ئۆتۆمبێلەکەدا".
سەرۆکی دەستەی ژینگە ئاماژەی دا، ''سەبارەت بە پارە وەرگرتن لە هەر هاووڵاتییەک وەکو باجی ژینگە، لەگەڵ وەزارەتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان قسە دەکەین.''
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رێنوێنی نوێی بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی رەوانەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ