لە سەردەشت هونەرمەندێکی گۆرانیبێژ دەستگیرکرا

09-01-2024
فواد حەقیقی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

شۆڕش ئەبوبەکری، هونەرمەندی گۆرانیبێژ و چالاکڤانی بواری سڤیلی شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە. پێش دەستگیرکردنی گلەیی کردبوو کە رێگریی لە کار و چالاکییەکانی دەکرێت.
 
شەوی 09.01.2024 هێزێکی ئەمنیی چوونەتە سەر ماڵی شۆڕش ئەبوبەکری و دەستگیریان کردووە.
 
شۆڕش ئەبوبەکری رۆژی 08.01.2024 لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆیدا گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ساڵانێکی زۆرە رێگریی لە چالاکییەکانی دەکرێت و مۆڵەتی پینادرێت.
 
شۆڕش ئەبوبەکری، ناسراو بە "شۆڕەسوار"، گۆرانیبێژ، ژەنیار، دەرهێنەر و پێشکەشکارە. 
 
هێشتا نازانرێت شۆڕش ئەبوبەکری بۆچی دەستگیرکراوە، سەرەڕای ئەوەی کەسوکاری بەدواداچوونی زۆریان کردووە و سەردانی ناوەندە ئەمنیی و دادوەرییەکانیان کردووە، بەڵام وەڵامێکی روونیان دەستنەکەوتووە.
 
شۆڕش ئەبوبەکری دەڵێت: "15 ساڵ بایکۆت کراوم، رێگرییم لێکراوە و مافی کارکردنم پێنادرێت، لە ساڵی 2016ـەوە فێرگەکەم داخراوە  و لە ساڵی 2011شەوە مۆڵەتەکەم نوێ نەکراوەتەوە." 
 
بەگوتەی خۆی، لە ساڵی 2006ـەوە دوو جار توانیویەتی مۆڵەت بۆ چالاکییەکانی وەربگرێت، بەڵام هەموویان تێکچوونەتەوە.
 
ئەو ساڵی 2003 فێرگەیەکی بە ناوی "ئاوای کورد" دانا؛ بەڵام بەگوتەی خۆی، دواتر سکاڵا لە دژی تۆمار کراوە، دادگایی کراوە، لە ئاکامیشدا فێرگەکەی داخراوە و دیسان دوای 3 ساڵ توانیویەتی مۆڵەت بۆ فێرگەکەی وەربگرێتەوە.
 
ئەبوبەکری دەڵێت، لە ساڵانی رابردوودا لە شارەکانی سنە، مەهاباد و بۆکان مۆڵەتی کۆنسێرتیشی وەرگرتووە، بەڵام لە دوایین ساتەکانی رێگری لە بەڕێوەچوونیان کراوە.
 
شۆڕش ئەبووبەکری گوتوویەتی: "ئەم پاییزە هەوڵمداوە فێستیڤاڵی پاییزەی 2 بەڕێوە ببەین، یەکەم خولی ئەم فێستیڤاڵە ساڵی 2004 بەڕێوە چووە. فستیڤاڵەکە فێستیڤاڵی گۆرانی و شیعر بوو. بەڵام دیسان مۆڵەتیان نەدا."
 
ئەو دەڵێ: "ئەم شانۆیانە گرنگ نین بەڵکو درێژە بەکاردەدەین و باوەڕمان بە گۆرانیی پاک و بێگەرد هەیە."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە