رووداو دیجیتاڵ
تەرمی گەنجێک لە گەڕەکی خانەقای هەولێر دۆزرایەوە، پەیامنێری رووداو دەڵێت، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان خەڵکی شارێکی عێراقە و "بە بەرد کوژراوە".
ئەمڕۆ هەینی 08-12-2023، لە گەڕەکی خانەقای هەولێر کە دەکەوێتە پشت پارکی شار و نزیک بازاڕی سەرەکیی شارەکە، تەرمی گەنجێکی تەمەن 30 ساڵانە دۆزراوەتەوە کە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان هاووڵاتیی یەکێک لە شارەکانی عێراقە و نیشتەجێی هەرێمی کوردستان نییە.
هەڵەبجە سەعدون، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە شوێنی رووداوەکە دەڵێت، تەرمەکە کاژێر 11:00ـی بەیانی لەلایەن کارمەندێکی ئاسایشەوە دۆزراوەتەوە کە بەهۆی چۆڵبوونییەوە، دوو رۆژ جارێک سەردانی شوێنەکە دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، "ئاسەواری خوێن لە شوێنی رووداوەکە دەبینرێت و گەنجەکە بە بەردێک کوژراوە، هاوکات هیچ کەلوپەل، پارە یان ناسنامەیەکی لەگەڵدا نەبووە و پێ دەچێت لەلایەن بکوژەوە بردرابن".
هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی لیکۆڵینەوە لە رووداوەکەن و تەرمەکەش گواستراوتەوە بۆ دادپزیشکی، پەیامنێری رووداو ئەوەشی خستەڕوو، ''هاونیشتمانییان گلەیی ئەوە دەکەن کە بەهۆی چۆڵبوونی شوێنەکە، شەوانە کەسانی بیانی تێدا دەمێننەوە و تا ئێستا چەندین رووداوی هاوشێوە روویداوە".
بەگوێرەی داتاکانی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو 183 رووداوی کوشتنی بە ئەنقەست، 32 رووداوی کوشتنی بە هەڵە و 240 رووداوی خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
هەڵەبجە سەعدون لە شوێنی رووداوەکەوە زانیاری دەخاتەڕوو:
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ