رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو هاووڵاتییەی شەوی رابردوو گەنجێکی لە سلێمانی کوشت، ئەمڕۆ لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیر کرا.
ئەمڕۆ هەینی 8ی تشرینی دووەمی 2024 دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، "دوای ئەوەی شەوی رابردوو لە گەڕەکی قڕگەی شاری سلێمانی، بە هۆکاری بوونی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەنێوان کچ و کوڕێک، رووداوێکی تەقەکردن روویدا و بووە هۆی کوژرانی کەسێک بەناوی ب. ف. ع، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، تۆمەتباری رووداوەکە دەستگیر کرا."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، شەڕەکە لەنێوان پیاوێک و کچێکدا بووە کە پێشتر "خۆشەویستی یەکدی" بوون. رووداو زانیویەتی، پیاوەکە دەمانچەی پێبووە و کاتێك دەمەقاڵێ لەنێوانیاندا دروستبووە، کچەکە دەمانچەکەی لە پیاوەکە سەندووە، چەند گولـلەیەکی پێوە ناوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "تۆمەتبارەکە رووبەڕووی یاسا کراوەتەوە و رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر."
بەگوێرەی ئاماری پۆلیس، لە ساڵی 2022ـدا، 455 رووداوی کوشتنی ئەنقەست، بە هەڵە و خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ