بەرپرسیار؛ شاندی هەولێر و بەغدا بەڵێنیان داوە بەشێکی بەرهەمی دەرەکی قەدەخە بکرێت

08-09-2024
عەدنان رەشید
گردبوونەوەی جووتیاران لە بەردەم هۆڵی کۆبوونەوەی شاندی هەولێر و بەغدا.
گردبوونەوەی جووتیاران لە بەردەم هۆڵی کۆبوونەوەی شاندی هەولێر و بەغدا.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەری جووتیارانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لەبەردەم هۆڵی کۆبوونەوەی شاندی هەولێر و بەغدا گردبوونەوە. بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێ، داواکارییەکانمان گەیاندە شاندی بەغدا. جووتیارێکی بەشدار لە کۆبوونەوەکان گوتی: "بەڵێنمان وەرگرت لە سبەینێوە بەشێکی بەرهەمی دەرەکی قەدەخە بکرێن."
 
زیاتر لە 100 جووتیاری ناوچەکانی پێنجوێن، سلێمانی، حاجی ئۆمەران، سیدەکان، چەمچەماڵ، هەولێر، دهۆک و ئاکرێ لە بەردەم هۆڵی کۆبوونەوەی هەردوو شاندی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان گردبوونەوە، بەشێکی نوێنەری جووتیاران لەگەڵ هەردوو شاند کۆبوونەوە.
 
نوێنەری جووتیارانی پێنجوێن دەڵێ، کێشەمان تەنیا نەبوونی بازاڕە. ئارام عومەر، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "ساڵانە بەرهەمی پێنجوێن پێدەگات، حکومەتی عێراق رێگە بۆ بەرهەمی دەرەکی دەکاتەوە. ساڵی رابردوو چوینە بەغدا و داواکارییەکانمان گەیاند. ئەم ساڵ شاندێکی عێراق هاتنە پێنجوێن و شەوێک لە ماڵم مانەوە، بەڵێنیان دا رێگریی بکەن، بەڵام تاوەکو ئەم ساتە رێگریی ناکرێ."
 
حکومەتی عێراق "بەڵێن"ـی چارەسەرکردنی کێشەی جووتیارانی دا. سەعید عەلی، جووتیارێکی بەشدار لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، لە بەرپرسیار، گوتی: "بێگەرد تاڵەبانی بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەی بەرهەمی قاچاخی دا. داوامانکرد بازاڕی تەماتەمان بۆ بکرێتەوە. بەرهەمی پیاز بە زیان نەفرۆشین. بەڵێنمان وەرگرت پەتاتە، پیاز و تەماتەی دەرەکی لە سبەینێوە بڕیار دەربچێ و قەدەخە بکرێن."
 
بە گوتەی نوێنەری جووتیارانی دهۆک لە سبەینێوە تاوەکو 1ـی ئایاری ساڵی داهاتوو پەتاتە هاوردە ناکرێ. یووسف زێباری، لە بەرپرسیار، گوتی: "هەر جووتیارێکی سنووری دهۆک نزیکەی 6 هەزار تۆن بەرهەمی پەتاتەی هەیە و ئێستا نافرۆشرێ، چونکە پەتاتە بە قاچاخ هاوردە دەکرێ."
 
کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ جووتیارانی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانمان بینی و داواکارییەکانمان گەیاندە شاندی بەغدا."
 
رێکخراوی جووتیارانی ئاڤرێنەر، ساخنەبوونەوەی بەرهەمی جووتیاران بە "جێبەجێنەکردنی رۆژنامەی کشتوکاڵی" لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، ناو دەبات. بەختیار قادر، گوتەبێژی رێکخراوەکە، لە بەرپرسیار گوتی: "رۆژنامەکە بۆ رێکخستنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵییە، لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمی کوردستان بۆشایی بەرهەمی بازاڕی عێراق پڕدەکەینەوە، بە پێچەوانەشەوە، پار عێراق پابەندبوو، بەڵام ئەم ساڵ کشتوکاڵی عێراق پابەند نەبوو و سنوورەکانیان دانەخستووە بە ڕووی هاوردەکردنی شووتی، پەتاتە، تەماتە و کاڵەک."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێجیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خێزانی عەمید فەرهاد دەکات

نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی عەمید فەرهاد دەکات

نێجیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە خانەوادەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "هاوسۆز و هاوخەمیانم".