رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی دەڵێت، حکومەتی عێراق داوا دەکات گومرگی هەرێمی کوردستان بە شێوەی ئەلیکترۆنی بە گومرگی حکومەتی ناوەندییەوە ببەسترێتەوە. گوتیشی، "رێگری لە ناردنی بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق کارێکی یاسایی نییە."
ئەمڕۆ یەکشەممە 08-09-2024 نەوزاد غەفوور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد، رایگەیاند، "بازرگانان کێشەی گواستنەوەی کەلوپەلیان لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق هەیە."
دوو خاڵی گومرگی لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان دانراون، کە پێویستە سەرەتا بەرهەمی نێوخۆیی و ئەو کەلوپەلانەی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکرێن و دەنێردرێنە باشوور و نێوەڕاستی عێراق، بۆ پشکنین بەو خاڵە گومرگییانەدا تێپەڕن. نەوزاد غەفوور گوتی، "ئەوە لەڕووی کردار، تێچوو و کاتەوە بە هیچ شێوەیەک گونجاو نییە."
سەرەتای مانگی هەشت، حکومەتی عێراق رێگریی دەکرد لە هەناردەکردنی بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاکانی خواروو و نێوەڕاست، دواتر مۆڵەتی دایە کارگەکان بۆ جێبەجێکردنی داواکانیان تاوەکو 1ی ئەیلوول، بەڵام ئێستا جارێکی دیکە رێگە نادات شتومەکی هەرێمی کوردستان بگەیێندرێتە عێراق.
بە گوتەی سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی، یەکێک لە داواکارییەکانی حکومەتی عێراق، ئەوەیە کە دەڵێن، "پێویستە بەشی گومرگی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بکرێنە سیستمی ئەلیکترۆنی و بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی عێراقەوە ببەسترێنەوە."
نەوزاد غەفوور گوتیشی هۆکارێکی دیکەی دانانی ئەو زاڵگانە، "نەبوونی متمانەیە لەنێوان دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی، کە پێموایە لەڕووی گومرگ و رسوماتیشەوە جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە."
سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی پێیوایە رێگریکردن لە ناردنی بەرهەمی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق "کارێکی یاسایی نییە"، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور دامەزراوە و پێویستە بەڵگەنامەکانی و ئەو مۆڵەتانەی دەیداتە کارگەکان، بە فەرمی بناسرێن.
شاندێکی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت لە هەولێر کۆبوونەوە. نەوزاد غەفوور دەڵیت، "بەشێک لە کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە بابەتی دەروازە سنوورییەکان و بەرهەمی کارگەکانی نێوخۆی هەرێمی کوردستان."
عێراق دەیەوێت بەرهەمە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان لۆگۆی تایبەتی بازرگانیی عێراقیان پێوەبێت و دڵنیابێت لەوەی بەرهەمی هەرێمی کوردستانن.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رۆژی شەممە 7ـی ئەیلوول بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حکومەتی عێراق دەستی بە زیادکردنی داهاتی نانەوتی کردووە، یەکێک لەو رێگەیانەش زیادکردن و رێکخستنەوەی باجە. سەرۆکی ژووری بارزگانیی سلێمانی لەوبارەوە گوتی، "باجی گومرگی لەسەر هاوردەکردنی ئەو کاڵایانە زیاد دەکرێت کە لە عێراقیش بەرهەم دەهێنرێن و زیاتر لە 60%ی پێداویستیی نێوخۆیی دابین دەکەن."
بەشێک لە بازرگانانی هەرێمی کوردستان بۆ هاوردەکردنی کەلوپەل، روودەکەنە دەروازە سنوورییەکانی عێراق. نەوزاد غەفوور دەڵێت، "لەو دەروازە سنوورییانە بەراورد بە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان، لە رسووماتی گومرگیدا ئاسانکاریمان بۆ دەکرێت، هەروەها دۆلار بە نرخی فەرمی دەدرێتە بارزگانان."
سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی گوتیشی، بەهۆی سزاکانی سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێدانی نرخی فەرمیی دۆلار ئەو بازرگانانە ناگرێتەوە کە لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە کاڵا هاوردە دەکەن کە هاوسنووری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ