لە پێنج مانگدا ترانزێتی گومرگەکانی کرماشان گەیشتووەتە 385 ملیۆن دۆلار

08-09-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئیدارەی چاودێریی گومرکەکانی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە پێنج مانگی رابردوودا قەبارەی ترانزێتی کەلوپەل لە رێگەی گومرک و دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایە گەیشتووەتە زیاتر لە 385 ملیۆن دۆلار.
 
عەلی ئەسغەر عەباسزادە، سەرپەرشتیاری چاودێریی گومرکەکانی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا یەک ملیۆن و 131 هەزار و 715 تۆن کەلوپەل بە بەهای 385 ملیۆن و 186 هەزار دۆلار لە رێگەی گومرک و دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای کرماشانەوە ترانزێت کراون کە بەراورد بە ساڵی رابردوو لە رووی کێشەوە، 87٪ و لە رووی نرخیشەوە، 34٪ زیادی کردووە.
 
عەلی ئەسغەر عەباسزادە گوتی، زۆرترین ترانزێتی کەلوپەل لەم پێنج مانگەدا لە دەروازەی سنووریی پەروێزخان بووە کە یەک ملیۆن و 89 هەزار و 593 تۆن کەلوپەل بە بەهای 360 ملیۆن و 945  هەزار دۆلار بووە. بەراورد بە ساڵی پاریش، ترانزێت لەو دەروازەیە لە رووی کێشەوە 80٪ و لە رووی نرخیشەوە 26٪ زیادی کردووە.
 
سەرپەرشتیاری چاودێریی گومرکەکانی پارێزگای کرماشان هەروەها دەڵێت، لەو پێنج مانگەدا لە دەروازەی سنووری خۆسرەویش  42 هەزار و 222 تۆن کەلوپەل بە بەهای 24 ملیۆن و 241 هەزار دۆلار ترانزیت کراوە، کە لە رووی نرخەوە 6٪ و لە رووی کێشەوە 4٪ی کۆی گشتی ترانزیتەکە پێکدەهێنێت.
 
بەرپرسەکەی پارێزگای کرماشان دەڵێت، ئەو کەلوپەلانەی کە لەو دەروازە سنوورییانەوە ترانزێت کراون بریتین لە؛ مازۆت، نەفتا، رۆنی پیشەسازی بیتومین و پاشماوەی کارتۆن.
 
لە نێوان پارێزگای کرماشان و هەرێمی کوردستان، دەروازەکانی شووشمێ، شێخ سڵە و پەروێزخان هەن، کە بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، ساڵانە 45٪ـی هەناردەی نانەوتی ئەو وڵاتە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە رێگەی سنووری پەروێزخانەوە دەکرێت. هەروەها لە نێوان کرماشان و ناوچەکانی دیکەی عێراقیش دەروازەی سنووری خوسرەوی هەیە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە