رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، چوار کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکیش بریندار بوو.
ئەمڕۆ هەینی، 08-09-2023، ئەبولفەزڵ کەهزادی، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی ئیلام رایگەیاند، رووداوەکە کاژێر 04:30 بەرەبەیانی ئەمرۆ لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی تایبەت و پاسێکدا روویداوە و لە رێگەی سەرەکیی نێوان دێلۆران- ئەندیمشک و لە نزیک گوندی بەرەبێژە کە 40 کیلۆمەتر لە شاری دێلۆران دوورە.
ئەبولفەزڵ کەهزادی گوتی، دوای ئاگاداربوون لە رووداوەکە، دەستبەجێ تیمەکانی فریاکەوتنیان ناردووەتە شوێنەکە و دوای پشکنینی سەرەتایی بۆیان دەرکەوتووە کە چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و کەسێکیش بریندار بووە کە منداڵێکی سێ ساڵانە کە هەر هەموویان سەرنشینی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەن.
منداڵەکە بە ئامبوڵانس گوازراوەتەوە نەخۆشخانەی دێلۆران و تەندروستی جێگیرە.
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکەش ئاماژەی بەوە کرد کە لە لێکۆڵێنەوەکانیاندا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە شۆفێری پاسەکە خەوی لێکەوتووە و کۆنترۆڵی لەدەستداوە، بۆیە پاسەکە لە رێڕەوی خۆی دەرچووە و دواتر خۆی بە ئۆتۆمبێلێکی تایبەتدا کێشاوە و ئەو کارەساتەکەی لێکەوتووەتەوە.
رۆژی دووشەممە، 04-09-2023 لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی سەرەکیی نێوان میهران-دێلۆران 5 کەس گیانیان لەدەستدا کە هەموویان زیارەتکاری شیعە و خەڵکی پارێزگای ئیسفەهان بوون.
هەروەها رۆژی 01-09-2023ش لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە پارێزگای ئیلام 4 کەس گیانیان لەدەستدا و 7 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ