کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان: ئەم ساڵ 43 هاونیشتمانی لە رێگەی کۆچ گیانیان لەدەستداوە

08-08-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا دەڵێت، لە 7 مانگدا زیاتر لە پێنج هەزار هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان روویان لە وڵاتانی ئەورووپا کردووە کە 43ـیان لەو رێگەدا گیانیان لەدەستداوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 08-08-2024 ئەبوبەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئاماری حەوت مانگی تایبەت بە کۆچبەرانی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، ''لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە پێنج هەزار هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان بەرەو وڵاتانی ئەورووپا کۆچیان کردووە و زۆربەیان چوونەتە بەریتانیا.''
 
ئەبوبەکر عەلی گوتی، دەڤەری راپەڕین پشکی شێری لە قوربانی و کۆچکردن بەرکەوتووە، ''لەو پێنج هەزار کۆچبەرە، لانیکەم هەزار و 200 کەسیان خەڵکی دەڤەری راپەڕینن.''
 
بە گوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەر گەڕاوەکانی ئەورووپا، لە حەوت مانگی سەرەتای ئەم ساڵ، 43 هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان لە رێگەی گەیشتن بە ئەورووپادا گیانیان لەدەست داوە، کە 14ـیان خەڵکی دەڤەری راپەڕینن.
 
ئەبوبەکر عەلی هۆکاری زۆریی کۆچکردنی گەنجانی دانیشتووی دەڤەری راپەڕین بۆ نەبوونی دەرفەتی کار گەڕاندەوە و گوتی: ''بەشێکیش بووەتە دیاردە و چاولێکەری، ئەگەرنا هەموویان باش دەزانن وڵاتانی ئەورووپا ئەو بەهەشتە نییە کە بیری لێ دەکەنەوە.''
 
ئێوارەی چوارشەممە، 70 کۆچبەری کورد بەهۆی کونبوونی بەلەمەکەیان لە نزیک دوورگەی زاکینتۆش لە باشووری رۆژئاوای یۆنان مەترسیی خنکانیان لەسەر بوو، بەڵام دواتر لە رێگەی نوێنەری پەنابەرە گەڕاوەکان، هێزی دەریاوانیی ئەو وڵاتە ئاگادارکرایەوە و رزگارکران. سەرۆکی کۆمەڵەکە دەڵێت: ''زیاتر لە 40 کەس لە سەرنشینانی ئەو بەلەمە، خەڵکی دەڤەری راپەڕین بوون کە بەخۆشحاڵییەوە سەرجەمیان رزگارکران''.
 
بەپێی راپۆرتێکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران؛ لە ماوەی ساڵانی نێوان 2015 تاوەکو شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵ، 591 کەس لە رێگەی گەیشتن بۆ ئەورووپا بوونەتە قوربانی، لەوانە 343 کەسیان گیانیان لەدەستداوە، 248ـیشیان بێسەروشوێنن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە