بابەشێخی ئێزدییان: رێزگرتن لە ئایینەکان یەکێکە لە پیرۆزییەکانی ئێمە

08-08-2024
پەیمان محەممەد
وێنەیەکی کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکە
وێنەیەکی کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی رووحانیی ئێزدییان و یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلام جەخت لە پێکەوەژیانی ئایینی دەکەنەوە، بابەشێخی ئێزدیان دەڵێت: ''رێز لە سەرجەم پێغەمبەرانی خودا دەگرین، چونکە رێز لە ئایینی خۆمان دەگرین.''
 
رۆژی پێنجشەممە 08-08-2024، شاندێکی ئەنجوومەنی رووحانیی ئێزدییان بە سەرپەرشتیی بابەشێخ سەردانی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستانیان کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا جەختیان لە پێکەوەژیان و رێزگرتن لە ئایینەکان کردەوە.
 
دوای کۆبوونەوەکە، د. عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''هەر هەنگاوێک زیان بە پێکەوەژیان بگەیێنێت و ئایینێک دڵگران بکات، بەتایبەتی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، ئێمە هەوڵدەدەین چارەسەری بکەین و هەنگاو بنێین بۆ ئەوەی دووبارە نەبێتەوە.''
 
سەردانەکەی کوردانی ئێزدی و ئەنجوومەنی رووحانیی ئێزدیان بۆ بارەگای یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلام دوای ئەوە هات کە وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتییەکە لەبارەی قسەکانی قاسم شەشۆ لەسەر پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)، راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "بێڕێزی بەرامبەر ئایینی ئیسلام و پیرۆزییەکان مایەی قبووڵکردن نییە".
 
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوەشکراوە، ''کوردانی ئێزدی بەدەستی تیرۆرستانی داعش جینۆساید و رەفتاری نامرۆییان بەسەرداھاتووە کە پێچەوانەی پرەنسپیە پیرۆزەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و ئایينەکانی دیکەیە، ھیچ کات کردەوەی تیرۆریستی و تووندڕۆیی و خراپەکاری لەسەر ھیچ ئایين و نەتەوەیەک ھەژمار ناکرێت، بۆیە ناکرێ بە بیانووی کردەوە تووندڕەوەکان لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بدرێت".
 
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئیسلامی گوتی: ''لە ساڵی 2014 کە تیرۆریستانی داعش کارەساتیان بەسەر برا ئێزدییەکانماندا هێنا، ئەو کاتیش پەیاممان هەبوو، بە راشکاوانە گوتمان داعش نوێنەرایەتیی موسڵمانان ناکات و سەرکۆنەی ئەو بێڕێزییانەمان کرد کە تیرۆریستانی داعش بەرامبەر ئێزدی، مەسیحی و پێکهاتەکانی دیکە کردیان.''
 
د. عەبدوڵڵا وەیسی جەختی لەوە کردەوە، کە بێڕێزی بەرامبەر هیچ ئایینێک قبووڵ ناکەن و سەرکۆنەی دەکەن؛ "بەتایبەتی سووکایەتی و بێڕێزیکردن بەرامبەر محەممەد، پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) بەتووندی سەرکۆنە دەکەین، لە هەر کەس یان ئایینێک رووبدات و بە هەر شێوازێک بێت."
 
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، ئەرکی مامۆستایانی ئایینی، بیرمەندان و زانایانە کە بۆ دروستکردنی برایەتی و تەبایی هەنگاو بنێن، ''کەسێک لە نێو ئایینێک هەڵەیەک دەکات، نابێ بە هەمان چاو تەماشای ئاینەکەی بکرێت.''
 
هاوکات عەلی شێخ ئەلیاس، بابەشێخی ئێزدیان لە کۆنفرانسە رۆژانەمەڤانییەکەدا گوتی: ''ئێمە لە ئایینی خۆماندا گەلێک شتی پیرۆزمان هەیە، کاتێک دەڵێین ئێمە پیرۆزیمان هەن، رێزگرتن لە ئایینەکانی دیکە یەکێک لەو پیرۆزییانەیە.''
 
بابەشێخ گوتیشی: ''جیاوازییەک لە ئایینەکاندا نییە و سەرجەمیان رێگەیەکن بۆ خوداناسین، بۆیە رێزگرتن لە ئایینەکان کە مەبەست تێیدا گەیشتن بە خودایە، پێویستە.'' 
 
بابەشێخی ئێزدیان باسی لە گرنگیی پێکەوەژیانی پێکهاتە و ئایینە جۆراوجۆرەکان کرد و گوتی، ''لە ئایینی ئێزدیدا رێزێگرتن لە دراوسێ یەکێک لە پیرۆزییەکانمانە، رێز لە هەر پێغەمبەرێکی خودا دەگرین، چونکە رێز لە ئایینی خۆمان دەگرین.''
 
بابەشێخی ئێزدیان بەبێ ئەوەی ئاماژە بە قسەکانی قاسم شەشۆ بکات، گوتی، ''مرۆڤی خەمبار و ئەوە کەسانەی کارەساتیان بەسەر هاتووە زۆر جار ئاخاوتنی هەڵەشیان دەبێت، بەڵام ئەگەر کەسێک دڵگرانییەکی هەیە، دەبێ لە بەرامبەرەکەی خۆش بێت، چونکە لێبووردنیش یەکێک لە پیرۆزییەکانە.''
 
پێشتر حەیدەر شەشۆ، برازای قاسم شەشۆ سەبارەت بە گوتەکانی مامی بە رووداوی گوتبوو، قسەکانی مامی لەبارەی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) بەهەڵە لێکدراونەتەوە، ئەو مەبەستی ئەو کەسانە بووە کە بەردەوام بە ناوی ئیسلامەوە ستەم لە ئێزدییەکان دەکەن، بۆیە ئامادە نین داوای لێبووردن بکەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

عێراق لە حەوت مانگدا 6.5 تریلیۆن دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە

بەپێی راپۆرتی خەرجی و داهاتەکانی حەوت مانگی یەکەمی ساڵی 2024، عێراق زیاتر لە 73 تریلیۆن دینار خەرجی و 77 تریلیۆن داهاتی هەبووە. هەروەها 6 تریلیۆن و 570 ملیار دیناریشی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە.