بەهۆی شەڕی دوو بنەماڵەی لوڕستان کەسێک کوژرا و دارستانێک سووتێندرا

08-08-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی پێکدادانی دوو بنەماڵە لە خوڕەمئاوای لوڕستان، کەسێک کوژرا و رووبەرێکی بەرفراوانی دارستانەکانیش سووتا. بەڕێوەبەری سەرچاوە سروشتییەکان و ئاوی شارەکە دەڵێت، بە ئەنقەست ئاگر لە زەویوزاری بکوژ بەردراوە کە تەشەنەی کردووە بۆ نێو دارستانەکان.
 
شەوی چوارشەممە 07-08-2024، لوتفعەلی بەیرانوەند، بەڕێوەبەری سەرچاوە سرووشتییەکان و ئاوی خوڕەمئاوای سەر بە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، ئاگرێکی بەهێز لە رووبەرێکی بەرفراوانی دارستانەکانی شارەکە کەوتەوە، کە بەهۆی هەڵکردنی با، کۆنترۆڵکردنی ئەستەم بووە.
 
لوتفعەلی بەیرانوەند گوتی، ئاگرکەوتنەوەکە دوای شەڕ و پێکدادانی نێوان دوو بنەماڵەی ناوچەکە روویدا، کە لە تۆڵەی کوژرانی کەسێکی سەر بە یەکێک لە بنەماڵەکان، بە ئەنقەست لەلایەن کەسوکارییەوە ئاگر لە زەویوزاری بکوژ بەردرا و دواتر تەشەنەی کردە دارستانەکان.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری سەرچاوە سرووشتییەکان و ئاوی خوڕەمئاوا، سووتانی پووش و پەڵاش و هەڵکردنی با، هۆکار بوون بۆ ئەوەی ئاگرەکە زیاتر تەشەنە بکات و رووبەرێکی بەرفراوان بسووتێنێت. 
 
دوای هەوڵێکی زۆری تیمەکانی بەرگریی شارستانی و خەڵکی ناوچەکە، توانرا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت. 
 
بەیرانوەند جەختی لەوە کردەوە، بە هاوئاهەنگیی دەسەڵاتی داد و پۆلیسی خوڕەمئاوا، ئەنجامدەرانی رووداوەکە دادگایی دەکرێن.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکان و ئاوی پارێزگای لوڕستان کە 6ـی ئابی 2024 بڵاوکراوەتەوە، لە چوار مانگی رابردوودا 86 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی ئەو پارێزگایە تۆمارکراون کە بەهۆیەوە 2941 هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەکانی سنووری پارێزگاکە سووتاون. 24 کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی سووتاندنی دارستانەکانی پارێزگاکە دەستگیرکراون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە