رووداو دیجیتاڵ
کوڕێکی عەتا سەراوی، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت، باوکی لە زیندان تەندروستی باشە و دوێنێ سەردانی کردووە.
کاژێر 04:00ـی بەیانیی رۆژی هەینی 05-07-2024 عەتا سەراوی، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە فڕۆکەخانەی سلێمانی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر کرا.
رۆژی دووشەممە، پێشڕەوی کوڕی عەتا سەراوی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ ئێوارە سەردانی باوکم کرد، تەندروستی باشە و هیچ کێشەیەکی نییە".
لەبارەی کەیسەکەیەوە، پێشڕەو عەتا سەراوی گوتی: "دواتر کە باوکم ئازاد کرا، بێگومان خۆی پەیامی دەبێت".
کەسێکی دیکەی نزیک لە عەتا سەراوی بە رووداوی گوت، هەوڵێک هەیە لەم هەفتەیەدا عەتا سەراوی ئازاد بکرێت، بەڵام کوڕەکەی رەتیکردەوە لەو بارەیەوە هیچ بڵێت.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، بەرپرسێکی باڵا لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، عەتا سەراوی لە زیندان هێڵدراوەتەوە و بە "تۆمەتی تیرۆر" دەستبەسەرە.
دوای دەستگیریکردنی عەتا سەراوی، بەرپرسێکی باڵای هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بە رووداوی گوت: "ئەو کەسەی دەستگیرکراوە تۆمەتبارە بە مادەی 2 لە یاسای رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر؛ هەروەها سکاڵایەکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لەسەرە."
رۆژی هەینی 19ـی نیسانی ئەم ساڵ، ئۆتۆمبێلێک لە گەڕەکی سەرچناری سلێمانی تەقییەوە کە دواتر دەرکەوت ئۆتۆمبێلەکەی عەتا سەراوی بووە. بەرپرسە ئەمنییەکەی سلێمانی گوتی، "سکاڵای تیرۆر دژی عەتا سەراوی بەهۆی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی خۆی بووە و خۆی سیناریۆی تەقینەوەکەی داڕشتووە و ئەوەش هۆکاری دەستگیرکردنیەتی."
لەبارەی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی عەتا سەراوییەوە پێشڕەوی کوڕی گوتی، "هیچمان لەبارەی بکەرانییەوە پێنەگوتراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ