رووداو-ئەنقەرە
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراو بۆ پێنج ساڵی داهاتووی تورکیا، لە رێوڕەسمێکدا کە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش ئامادەی دەبێت، سیستەمی نوێی ئەو وڵاتە رادەگەیێنیت.
دوای بانگهێشتکردنی فەرمی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، شڕۆڤەکاران لەبارەی باشبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە پێیانوایە، دوای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئێستا زمانێکی باشتر بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان بەکار دەهێندرێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای ئەوەی سوێندی یاسایی لە پەرلەمان خوارد، لە رێوڕەسمێکدا ئێوارەی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی میوانانی ناوخۆیی و دیپلۆماتکاران و سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتانی جیهان سیستەمی نوێی سیاسی ئەو وڵاتە رادەگەیێنێت کە لە پەرلەمانییەوە دەبێتە سەرۆکایەتی.
نێچیرڤان بارزانی، بە فەرمی لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە بۆ ئەو رێوڕەسمە بانگهێشتکراوە و لەدوای بەڕێوەچوونی گشتپرسی سەربەخۆیی باشووری کوردستان، یەکەمین سەردانی فەرمی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستانە بۆ ئەو وڵاتە.
پڕۆفیسۆر د.بیلال سامبوور لە زانکۆی یڵدرم بەیازتە بە رووداوی راگەیاند: "تورکیا نایەوێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی بەغدا و تاران، لەبەر ئەوە لەو دۆخە هەستیارەدا تورکیا سیاسیەتێکی هاوسەنگی پەیڕەوکرد".
لەلایەکی دیکەوە میدیای تورکیا گرنگیی بە سەردانی نێچیرڤان بارزانی دەدەن و سەردانەکەی وەک سوپرایزێک پێناسە دەکەن و لە شرۆڤەکانیاندا زیاتر ئاماژە بە مەهەپە دەکەن. سەرۆکی پێشووی لقی ئامەدی مەهەپە دەڵێت، مەهەپە وەک لایەنێکی دەسەڵات هەڵوێستێکی نەرم دەنوێنێ سەبارەت بە باشبوونی پەیوەندییەکانی تورکیا و وڵاتانی دراوسێ.
عەبدوڵڵا ئەرزاکچی، سەرۆکی پێشووی لقی ئامەدی مەهەپە بە رووداوی راگەیاند: "من باوەڕ ناکەم پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست مەهەپەش لەو هەنگاوە نیگەران بێت، لەبەر ئەوەی مەهەپە ئێستا لەنێوان هاوپەیمانییەکدایە لەپشت بەڕێز سەرۆککۆماردا. مەهەپە ئێستا ئەو پارتە نییە کە دژایەتی دراوسێیەکانمان بکات. مەهەپە رێز لە سنوورەکان دەگرێت و دژایەتی دراوسێیەکان ناکات".
هەرێمی کوردستان و تورکیا زیاتر لە 350 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان هەیە و لە ساڵانی 2013 ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیان گەیشتە نزیکە 13 ملیار دۆلار، بەڵام لە ناوەڕاستی ساڵی رابردوو بە کۆمەڵێک هۆکاری جیاواز کە سەرەکیترینیان گشتپرسی سەربەخۆیی باشووری کوردستان بوو، پەیوەندییە بازرگانی و سیاسییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا گرژی تێکەوت.
بەڵام شارەزایانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا پێیانوایە، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا لەدوای هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە بەرەو باشبوونەوەی زیاتر دەڕوات.
داڕشتنەوە؛ عومەر شایان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ