رووداو دیجیتاڵ
دوای رێگرییەکی زۆری عەرەبی هاوردە لە دروێنەکردنی گەنمی جووتیارانی سنووری سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، سەرۆکی لیژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی سنوورەکە دەڵێت، دروێنەیان کردووە، بەڵام چارەسەری کێشەکەیان رێککەوتنی سیاسیی دەوێت.
محەممەد ئەمین، سەرۆکی لیژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی سەرگەڕان ئەمڕۆ شەممە 8ی حوزەیرانی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دروێنەمان کرد و لەو رووەوە کێشەمان نەماوە، بەڵام چارەسەری بنەڕەتیمان بۆ نەکراوە."
سەرۆکی لیژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی سەرگەڕان دەڵێت، چارەسەری بنەڕەتیی کێشەکانیان بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعس دەبێت. گوتیشی، "بڕیاربوو پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانە لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی عەرەبەوە دەنگی لەسەر نەدراوە."
محەممەد ئەمین گوتی، عەرەبی سوننە رێگەیان نەداوە پڕۆژە یاساکە دەنگی لەسەر بدرێت و عەرەبی شیعەش لەو نێوانەدا "یاری دەکەن." ئاماژەی بەوەش کرد، "دوو سکاڵاشمان لە دادگەی فیدراڵی هەیە و ئەوانیش بۆ 21ی مانگی داهاتوو دواخراون."
سەرۆکی لیژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی سەرگەڕان ئاماژەی بەوەش کرد، فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق هەموویان پشتیوانیی جووتیاران دەکەن، "ئەم دۆسیەیە دەبێت بە رێککەوتنێکی پێشوەختەی سیاسی چارەسەر بکرێت."
لە ساڵی 1975ـەوە زیاتر لە 400 هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵیی کورد و تورکمان لە کەرکووک دەستیان بەسەردا گیراوە و کراوە بە ناوی وەزارەتەکانی عێراقەوە، وەکو وەزارەتەکانی نەوت، بەرگری، دارایی و کشتوکاڵ.
لە کۆبوونەوەی 24-01-2012دا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ژمارە 29ی دەرکرد کە بریتییە لە:
- هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکووری هەڵوەشاوە کە پەیوەندییان بە سڕینەوەی مافی مامەڵەکردن بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەو کەسانەوە هەیە کە عەرەب نین، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو گرێبەستانەی لەگەڵیان کراوە کە لە راسپاردەکانی لیژنەی جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراق هاتووە.
- قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی لە هەڵوەشاندنەوەی بڕگەی یەکەم زەرەمەند دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ