رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەرگای تۆمارکردنی لیستی بەربژێرانی پەرلەمانی کوردستانی کردەوە و گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش دەڵێت، تاوەکو ئێستا گۆڕانکارییان لە لیستی بەربژێرەکانیاندا نەکردووە.
ئەمڕۆ شەممە 08-06-2024، کۆمیسیۆن دەرگای تۆمارکردنی لیست، هاوپەیمانی و بەربژێرانی تاک و سەربەخۆی لە هەرێمی کوردستان کردەوە. سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند ''تاوەکو ئێستا بڕیار لە گۆڕانکاریی لیستیی بەربژێرانمان نەدراوە، بەڵام پرۆسەکە چەند رۆژێک بەردەوامە و ئەگەر پێویست بکات، گۆڕانکاری دەکەین."
رۆژی 10ـی حوزەیرانی 2024 بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرابوو، بەڵام ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بەهۆی بایکۆتکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان وەستان.
سەعدی ئەحمەد پیرە دەڵێت ''هێشتا هیچ رۆژێک بۆ هەڵبژاردن دیاری نەکراوە، بەڵام دوێنێم پێ باشتر بوو لە ئەمڕۆ و ئەمڕۆشم پێ باشترە لە سبەی. پێم وایە هەرچی زووتر هەڵبژاردن بکرێت، باشترە.''
لەبارەی ئامادەبوونی یەکێتی بۆ هەڵبژاردن، گوتەبێژی حیزبەکە دەڵێت ''لە هەرێمی کوردستان کێشەی ئەوەمان نییە کێ کورسییەکی زیاتر یان کەمتر دەبات، بەڵکو بە پێویستمان زانیوە هێزە سەرەکییەکان پێکەوە کار بکەن.''
پڕۆسەی تۆمارکردنی لیست، هاوپەیمانی و بەربژێرانی تاک و سەربەخۆ تاوەکو کۆتایی دەوامی رۆژی پێنجشەممە 13ـی حوزەیران بەردەوام دەبێت.
ناردنی لیستی ناوی هێزە ئەمنییەکان بۆ بەغدا
دوێنێ شاندێکی لیژنەی چاودێریی دارایی عێراق بۆ وردبینیکردنی ناوی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها پرسی داهات و خەرجییەکانی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ گەیشتنە هەولێر و بڕیارە سبەی دەست بە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لیژنەی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان بکەن.
سەعدی ئەحمەد پیرە لەو بارەوە قسەی کرد و گوتی "هەر کەسێک مووچە وەردەگرێت ناوی تۆمارکراوە. ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان ناوی هێزە ئەمنییەکان بداتە بەغدا، کێشەکە چارەسەر دەبێت. خەریکە بە دەستی خۆمان هەوڵدەدەین گومان لە لیستەکانمان بکرێت."
کێشەی لیستی هێزە ئەمنییەکان و هێزی پێشمەرگە دوای ئەوە دروستبوو کە بەپێی بڕیارێکی دادگەی فیدراڵی، بەغدا و هەولێر پابەندکران بە بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
یەکێک لە ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە چەند مانگی رابردوودا چۆنیێتیی بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بووە.
بۆ ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە، وەزارەتی دارایی عێراق داوای لیستی ناوەکانیان دەکات و دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کۆد ناوەکانی ناردوون.
حکومەتی فیدراڵی جەختی لەوە کردووەتەوە؛ بەجێکردن لە رێگەی بانکەکانی رەشید یان رافیدەین یان تی بی ئای بکرێت و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش داواکار بووە لە رێگەی پڕۆژەی 'هەژماری من'ـەوە بێت کە تاوەکو ئێستا 400 هەزار هەژماری بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە.
سەعدی پیرە لەبارەی ئەو بانکانەی بەشدارییان لە پرۆژەی 'هەژماری من' کردووە، گوتی "گەرەنتییەک نییە کاتی مایەپووچبوونیان پارەی خەڵک چی لێ بەسەر دێت. هەر بانکێکی ئەهلی، ئەگەر لەلایەن بانکی ناوەندییەوە پاڵپشتی بکرێت، جێگەی متمانەیە."
ئەوە لەکاتێکدایە چەندین جار بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایانگەیاندووە؛ سەرجەم ئەو بانکانەی لە پرۆژەکەدا بەشدارن، لەلایەن بانکی ناوەندییەوە متمانەیان پێدراوە و بەشێکیان لە بەجێکردنی مووچەی عێراقدا بەشدارن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ