رووداو دیجیتاڵ
هەشت رۆژ لە مانگی شەش تێپەڕیوە و حکومەتی عێراق پارەی بۆ مووچەی مانگەکانی چوار و پێنجی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان نەناردووە.
وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، ناوی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانیان بە کۆد پێگەیشتووە، بەڵام ئەوان داوای ناوی سیانی و زانیاریی تەواویان دەکەن.
شاندێکی چاودێری دارایی عێراق لە هەرێمی کوردستانە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئامانجێکی سەرەکی شاندەکەی بەغدا وردبینی و زانیارییە لە لیستی ناوی هێزە ئەمنییەکان.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان "رێککەوتووین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ ئەوەی ناوی ئەندامانی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان بنێرین، پێموایە ئەگەر ئەمڕۆ نەگەیشتبێت، سبەینێ بەتەواوی ناوەکان دەگەن، بەشێک لە مووچەی مانگی پێنج گەیشتووە و مووچەی کەس نافەوتێت."
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆژی 5ی ئەم مانگە لە نووسراوێکدا داوای لە وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ کرد، لیستی یەکەکانی 70 و 80، فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، فەرماندەیی بەرگریی و فریاکەوتن، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پاراستنی نەوت و گاز بەپێی لیستی فەرمی کە ناوی سیانی، مووچەی بنەڕەتی، تەواوی دەرماڵە و لێبڕینەکانی پێویست لەخۆبگرێت، بدەنە دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان.
لیوا ئەحمەد لەتیف، لێپرسراوی راگەیاندنی یەکەی 70 بە رووداوی راگەیاند وەزارەتی دارایی عێراق "زۆر بە ئاشکرا داوا دەکات، دەڵێ 'ئێمە بە کۆد مووچە نادەین، بەڵکو بە ناوی چواری مووچە خەرج دەکەین بۆ هێزە ئەمنییەکان. رەزامەندی دراوە لیستی بەشێکی هێزە ئەمنییەکان بە کۆد بنێردرێت، لەوانە ئەنجوومەنی ئاسایش، دەزگای زانیاری و پاراستن و دەزگا هەواڵگرییەکان."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، رۆژی یەکشەممە شاندەکەی دیوانی چاودێری دارایی عێراق لەگەڵ چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و وردبینیکردنی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ و مووچەی هێزە سەربازییەکان تاوتوێ دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ