ئومێد خۆشناو: لە بودجەی پارێزگا 5.3 ملیار دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی قەیسەری تەرخانکراوە

08-06-2024
پەیمان محەممەد
دیمانی کاتی سووتان و دوای سووتانی بەشێکی قەیسەریی هەولێر
دیمانی کاتی سووتان و دوای سووتانی بەشێکی قەیسەریی هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری هەولێر دەڵێت، پێنج ملیار و 300 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری تەرخانکراوە، کە پێش 35 رۆژ بەشێکی سووتا.
 
ئەمڕۆ (شەممە 08-06-2024) ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سەردانی بازاڕی قەیسەریی هەولێری کرد و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی نۆژەنکردنەوەی دووکانەکان رایگەیاند ''لە پێنجشەممەی رابردووەوە نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە دەستیپێکردووە و لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر، گوژمەی پێنج ملیار و 300 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە.''
 
ئاگرکەوتنەوەکە شەوی 5-5-2024 روویدا، بەپێی راگەیێندراوی پارێزگای هەولێر، 227 دووکان و 7 کۆگەی بازاڕەکە سووتان. 
 
ئومێد خۆشناو گوتی، ئەو شوێنانەی زیانیان بەرکەوتووە دوو بەشن؛ بەشێکیان لە قەیسەریی کۆنن و شوێنەواری مێژوویین؛ بەشەکەی دیکەش قەیسەریی نوێیە کە پێشتریش نۆژەنکردنەوەی بۆ کرابوو.
 
بەگوتەی پارێزگاری هەولێر، بەر لە رووداوەکەش لە پلانی ساڵی 2024ـیاندا هەبوو، کە بەشی کۆنی بازاڕەکە نۆژەن بکرێتەوە، بەڵام بەهۆی ''قەیران''ـی دارایی، نەتوانرا پلانەکە جێبەجێ بکرێت.
 
وەک ئومێد خۆشناو دەڵێت، نۆژەنکردنەوەی خێرای ئەم بازاڕە و تەواوکردنی لە ماوەیەکی دیاریکراودا ''ئاسان'' نییە و لە ژێر چاودێریی یونسکۆ دەکرێت، ''بەڵام لەپێناو خێرا بەڕێوەچوونی کارەکان، پڕۆژەکە بە دوو کۆمپانیا دراوە و کاری لەسەر دەکەن.''
 
بەگوتەی پارێزگاری هەولێر، کۆمپانیاکان پابەندکراون لە ئەگەری گرفتی داراییش، لە نۆژەنکردنەوە بەردەوام بن بۆ ئەوەی پرۆسەکە کەمتر لە ساڵێک بخایەنێت کە بۆی دیاری کراوە.
 
ژمارەیەک لە دووکانداران نیگەرانن لە دواخستنی نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە لەلایەن حکومەتەوە، بۆیە خۆیان دەستیان بە دەرخستنی پاشماوە و چاککردنەوەی شوێنەکانیان کردووە. ئومێد خۆشناو گوتی ''ئەو کەسانەی هەوڵدەدەن نێو دووکانەکانی خۆیان نۆژەن بکەنەوە، هەر وەک پێشوو رێگرییان لێ ناکرێت.''
 
پارێزگاری هەولێر ئەوەشی خستەڕوو ''لە چوارچێوەی پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی هاووڵاتییان، لەلایەن ئاسایش و پۆلیسەوە کامێرای چاودێری بە کواڵیتییەکی بەرزەوە [بۆ بازاڕەکە] دابینکراوە و ئێستاش لەگەڵ نۆژەنکردنەوەکەی، هەوڵ دەدرێت سیستمی بەرگریی شارستانی بۆ بەگەڕبخرێت.''
 
ئەم ساڵ جگە لە بازاڕی قەیسەری، دووجار بازاڕی لەنگەی هەولێر سووتا، هەروەها کۆگەیەک لە پیشەسازیی باکوور و شەوێکیش دووکانەکانی بەردەم بازاڕی نیشتمان و چەند دووکانێک لەنێو بازاڕەکە و چەند شوێنێکی دیکە سووتان. 
 
ئومێد خۆشناو گوتی ''هۆکاری سەرجەم ئاگرکەوتنەوەکان زانراوە، تەنیا دوو رووداو نەبێت؛ دووەم جاری ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی لەنگە و ئەم جارەی بازاڕی قەیسەریش کە تاوەکو ئەمڕۆ لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە دەکرێت.'' 
 
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، هەندێک خەڵک دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە، ''بەڵام ناکرێت ناوی تاوانباریان لەسەر دابنرێت، چونکە بەشێکیان ئازادکراون و راگیرانیان تەنیا بۆ لێکۆڵینەوە بووە. دوای یەکلاییبوونەوەی بابەتەکە، ئەنجامەکانی بە رای گشتی رادەگەیێندرێت.''
 
چی بۆ دووکانداران دەکرێت؟
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنی قەرەبووکردنەوەی بەو دووکاندارانە داوە کە لە ئاگرکەوتنەوەکەدا زیانیان بەرکەوتووە.
 
پارێزگاری هەولێر گوتی، دوای رووداوەکە چەند بڕیارێک لە بەرژەوەندیی دووکانداران دەرکراون، ''ئەوانەی کرێنشینی حکومەتن بە هەموو دامەزراوەکانییەوە، لێخۆشبوونیان بۆ ماوەی ساڵێک [لە پێدانی کرێ] بۆ دەردەچێت، پارەی تابلۆ و خاشاک نادەن، لێخۆشبوونی 50٪ـی باجی ساڵی 2023 و 100٪ـی باجی 2024ـیان بۆ دەردەچێت.''
 
ئومێد خۆشناو پەیوەست بە هاوکاریکردنی دووکانداران گوتیشی ''رێککەوتن لەگەڵ بانکی جیهان کراوە بۆ ئەوەی بێ سوود قەرز بداتە ئەو کاسبکارانەی دەیانەوێت قەرز وەربگرن، ئەوان دەتوانن سەردانی پارێزگا بکەن بۆ ئەوەی پشتگیرییان پێ بدرێت بۆ وەرگرتنی قەرزەکە.'' 
 
بازاڕی قەیسەری بە نزیکەی 4 هەزار دووکان و کۆگە لە جەرگەی شاری هەولێر هەڵکەوتووە؛ بازاڕێکی کۆن و مێژووییە؛ ساڵی 2018ـش ئاگر لە بازاڕەکە کەوتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 110 دووکان سووتان.

 

 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند کرێکارێک لەکاتی کارکردندا لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزیری کاری عێراق: کار بۆ زیادکردنی مووچەی کرێکاران دەکەین

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەو کرێکارانەی لە کەرتی تایبەت تۆمارکراون 10٪ تێناپەڕێت. دەشڵێت، قەرزی پڕۆژەی بچووک و کەمترین مووچەی کرێکاران زیاد دەکەن.