رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، قەدەخەی راوەماسی بۆ پێنج رۆژ درێژکراوەتەوە و هەرکەسێک سەرپێچی بکات، لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
ساڵانە قەدەخەی راوە ماسی لە 5ـی ئادارەوە دەستپێدەکات، تاوەکو 15ـی حوزەیران بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ (شەممە 8-6-2024) فوئاد زراری، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەم ساڵ قەدەخەکە درێژکراوەتەوە بۆ 20ـی ئەم مانگە."
گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگە دەڵێت، دانانی گەرا و زاوزێی ماسی بەگوێرەی کات و پلەی گەرمیی ئاوەکەیە، ئەم ساڵ بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە زاوزێیەکە دواکەوتووە و بەچکەکان بچووکن، بۆیە قەدەخەکە درێژکراوەتەوە.
هەر لەوبارەیەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنێری لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند، "بەهۆی ئەوەی هەندێک جۆری ماسی کە لە رووبار و کۆگەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان هەن، ئێستاش ماوەی گەرا دانانیان تەواو نەبووە و پێویستیان بە پلەی گەرمیی بەرزە بۆ گەرادانان، بڕیاردرا قەدەخەی راوەماسی بەردەوام بێت تاوەکو 21ـی حوزەیران و، 21ـی مانگ راوکردن ئاسایی دەبێتەوە."
سزای راوکردنی ماسی لەکاتی قەدەخەی راوکردندا جیاوازە. گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگە گوتی، بەگوێرەی کێش و جۆری ماسی، بەگوێرەی ئەو کەرەستەیەی راوەکەی پێکراوە، سزاکان لەلایەن دادوەرەوە دیاری دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ