رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی بەسەر 55 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری جۆرەکانی کریستاڵ و هیرۆیندا گرت.
ناسر عەتەباتی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، پۆلیسی پارێزگاکە لە گوندێکی سەر بە شاری ماکۆ لە هەبوونی کارگەیەکی دروستکردنی مادەی هۆشبەر ئاگادار کراوەتەوە کە کریستاڵ و هیرۆینی تێدا دروستکراوە.
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگای ورمێ گوتیشی، لە کارگەکەدا دەست بەسەر 55 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیراوە کە 51 کیلۆگرام لە جۆری هیرۆین و 4.5 کیلۆگرامیش لە جۆری کریستاڵ بووە.
ناسر عەتەباتی ئەوەشی خستەڕوو، پەیوەست بە دۆسیەکە، سێ کەس دەستگیر کراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.
رۆژی 4ی ئاداری 2024 بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە 11 مانگدا لە سنووری پارێزگاکە دەست بەسەر چوار تۆن و 700 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیراوە، 297 قاچاخچیش دەستگیر کراون و 61 باندی قاچاخ و ترانزێتی مادەی هۆشبەریش هەڵوەشێندراونەتەوە.
پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی هاوسنووریی لەگەڵ تورکیا، عێراق و ئازەربایجان وەکو شوێنێکی ترانزێت بۆ قاچاخی مادەی هۆشبەر بەکاردەهێندرێت و ساڵانە لە پارێزگاکەدا دەست بەسەر بڕێکی زۆری مادەی هۆشبەردا دەگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ