باڵیۆزی ئەمریکا بۆ رووداو: لە بەرەوپێشچوونی چاکسازیی هێزی پێشمەرگە رازی نین

09-06-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
کۆنفڕانسی رۆژنامەڤانیی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و کۆنسوڵی ئەمریکا لە هەولێر.
کۆنفڕانسی رۆژنامەڤانیی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و کۆنسوڵی ئەمریکا لە هەولێر.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق دەڵێت، ئەمریکا لە بەرەوپێشچوونەکان لە چاکسازی نێو هێزەکانی پێشمەرگە و یەکگرتنەوەی هەردوو یەکەکانی 70 و 80 رازی نییە. هەروەها یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکان و ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بۆ بەردەوامیدان بە هاوئاهەنگی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان بە کلیلی سەرەکی دانا.
 
رۆژی پێنجشەممە، 8-6-2023، ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی لە سلێمانی کرد. لە کۆنگرەکەدا جەختی لە گرنگی یەکگرتوویی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا کرد. هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە تەواوی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان جیاوازییەکانیان "لە پێناو خەڵکی کوردستان" وەلابنێن.
 
یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە
 
رۆمانۆوسکی لە وەڵامی پرسیاری پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کە لەبارەی هەوڵی ئەمریکا بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و هاریکاری عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا کردی، گوتی، "لەبارەی بەرەوپێشبردنی چاکسازیی پێشمەرگە و ئەو کارانەی ئێمە دەیکەین بۆ یەکگرتنەوەی زیاتری پێشمەرگە؛ کارەکانمان هاوتەریبن لەگەڵ هاوئاهەنگییەکەمان بۆ دروستکردنی ئاسایش. شێوازی لێکتێگەیشتنمان بەشێوەیەک داڕێژراوە تاوەکو دڵنیابینەوە لەوەی هاوئاهەنگی بەردەوامی نزیکمان دەبێت و بەردەوامدەبین لە پابەندیمان بە تێکشکاندنی داعش."
 
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق جەختی لەوەکردەوە، یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، "لە کۆتاییدا بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان و بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکەیە" و دڵنیاییشیدا بەردەوامدەبن لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگەش بۆ یەکخستنەوەی ئەو هێزانە. هاوکات، نیگەرانی خۆی لە خاویی کارکردن لەسەر پرۆسەکە نیشاندا و گوتی، "ئەوەی دەمەوێت بیڵێم، ئێمە قایل نین بە پڕۆسەی چاکسازییەکەمان."
 
ململانێی سیاسیی لایەنە کوردستانییەکان و پەیوەندی هەولێر و بەغدا
 
رۆمانۆوسکی لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، "یەکگرتوویی کورد گرنگە، ئەویش نەک لەبەر گرنگی یەکگرتوویی خۆی، بەڵکو تاوەکو هەرێمی کوردستان بتوانێت لە پێناو خەڵکەکەیدا هاوئاهەنگی لە نێوان بەغدا و هەولێردا زیادبکات."
 
ئەو کێشانەی نێوان هەولێر و بەغدا کە رۆمانۆوسکی چارەسەرکردنیانی پەیوەستکردەوە بە یەکگرتوویی و تەبایی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بریتیبوون لە کێشەی "بودجە و دابەشکردنی داهات و یاسا نوێیەکانی نەوت و گاز" کە تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان و عێراق نەگەیشتوونەتە رێکەوتنێکی دەستووریی و یەکجاری لەسەریان.
 
هاوکات، جەختی لەوەشکردەوە، ئەرکی هەموو پارتە سیاسییەکان ئەوەیە جیاوازییەکانیان پشتگوێ بخەن و هەوڵ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بدەن، تاوەکو ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە بتوانن لە هاوبەشییەکەیان لە رووبەڕووبوونەوەی داعش و تێکشکاندنی یەکجاری ئەو رێکخراوە بەردەوامبن.
 
لەبارەی هەڵبژاردنەکانیشەوە جەختی لەوەکردەوە، پێویستە لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندا لایەنەکان رێکبکەون، چونکە "لە کۆتاییدا هەر خەڵکی کورد ئازار دەچێژن؛ کاتێک ناتەبایی لە نێوان لایەنەکاندا هەیە".
 
هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، ئەمریکا پێی وایە هەڵبژاردن و دیموکراسی دوو بابەتی گرنگن، بەڵام کەی ئەنجامدەدرێت و چۆن ئەنجامدەدرێت، ئەو بڕیارە پەیوەستە بە خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە.
 
رۆمانۆوسکی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقی لە تشرینی یەکەمی 2021دا بە نموونەی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو هێنایەوە کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بەرز نرخێنراوە و داوایکرد هێزە کوردییەکانیش هەمان هەنگاو بنێن.
 
 
یاسای نەوت و گاز و بودجەی عێراق
 
رۆمانۆوسکی جەختی لەوەکردەوە، ئەمریکا هەوڵدەدات هاریکاریی هەرێمی کوردستان و عێراق بکات تاوەکو لە رووی وزەوە سەربەخۆبن و بەتایبەتیش دەیەوێت سێکتەری گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان ببووژێنێتەوە و هەوڵی جیدی بۆ گلدانەوەی گازە هاوەڵەکان دەدات.
 
رۆمانۆوسکی دەڵێت، "یەکێکی دیکە لە کارە لەپێشینە گرنگەکانمان بریتییە لە سەربەخۆیی وزەی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەویش لە رێگەی پاڵپشتیکردنی سێکتەری گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان کە پێکدێت لە فراوانکردنی هێڵەکانی بۆری گاز و گەیشتن بە یاسایەکی نەوت و گازی هەمیشەیی لە نێوان هەولێر و بەغدا."
 
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق باسیش لەوە دەکات، ئەمریکا بەردەوام هانی هەموو لایەنەکانی عێراق دەدات کێشەی پەسنکردنی بودجەی فیدراڵی و دیاریکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بە گفتوگۆ چارەسەربکەن و رێژەکان پەیوەست بن بە دەستوورەوە.
 
هێرشەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان
 
لینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق هێرش و پێشێلکارییەکانی ئێران و تورکیاشی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان پشتگوێ نەخست. ئاماژەی بەوەکرد، ئەمریکا هەمیشە نیگەرانە لە هەر هێرشێک کە پێشێلی سەروەریی خاکی وڵاتان بکات.
 
هاوکات ئاماژەی بە هەبوونی هەژموونی ئێران لە هەرێمی کوردستان و عێراق کرد و گوتی، ئەمریکا بەتایبەت نیگەرانی پێگەی ئێرانە لە عێراق و پێی وایە بووەتە هۆی لاوازکردنی وڵاتەکە. 
 
گوتیشی، زۆر نیگەرانی هێرشەکانی تورکیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و عێراق و سەرکۆنەی هێرشی هاوشێوە دەکەن. ئاماژەی بەوەشکرد، لەنزیکەوە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە پەیوەندیدان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک تاوەکو چیدیکە تورکیا هێرش بۆ سەر هەرێمی کوردستان نەکات.
 
رۆمانۆوسکی لەبارەی هێرش و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا بۆ سەر بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان گوتی، ئەو هێرشانەی لەلایەن تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی تورکیاوە دەکرێتە سەر رۆژئاوای کوردستان، کاریگەرییان لەسەر هاووڵاتی سڤیل و دەستکەوتەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە تێکشکاندنی داعش هەیە.
 
سەردانەکەی بۆ سلێمانی و بەسەرکردنەوەی کۆمەڵگە مەدەنییەکان
 
ئەوە یەکەم جاربوو ئەلینا رۆمانۆوسکی سەردانی سلێمانی بکات، "دڵخۆشم بە سەردانی سلێمانی کە ناوەندێکی کولتووری و رۆشنبیری گرنگی هەرێمی کوردستانە".
 
لە سەردانەکەشیدا رۆمانۆوسکی چەند چالاکییەکی ئەنجامدا کە یەکەمیان بریتیبوو لە بەشداریکردن لە ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی ئەمریکی لە عێراق - سلێمانی و پێشکێشکردنی گوتارێک بوو بۆ دەرچووان و ئامادەبووان.
 
هەروەها چاوپێکەوتنی لەگەڵ ژمارەیەک چالاکڤانی ژینگەیی کرد. رۆمانۆوسکی دەڵێت، ئەو کارانەی لە هەرێمی کوردستان بۆ خزمەتکردن بە ژینگە کراون جێگەی دڵخۆشین و ئەوەش گرنگییەکی زۆری هەیە لە سیاسەتی ئەمریکادا.
 
بەشێک لە چالاکڤانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مافەکانی ژنانی کردووە تاوەکو لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی مافی ژنان و یەکسانی رەگەزی بێت.
 
هاوکات باسی لە گرنگی ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەریش کرد لە هەرێمی کوردستان و باسی لەوەکرد، پێویستە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دڵنیایی بدەنە رۆژنامەڤانان کە دەتوانن بە ئازادی کارەکانیان بکەن.
 
گوتیشی ئەمریکا نیگەرانی ئەوەیە تاوەکو ئێستا رۆژنامەڤان لە کوردستان دەستگیردەکرێت و لە زینداندا گوشارێکی زۆری دەخرێتە سەر.
 
بەرەوپێشبردنی پەیوەندی بازرگانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان
 
ئەلینا رۆمانۆوسکی هاوکات باسی لە خواستی ئەمریکا بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندی بازرگانی نێوان هەولێر و واشنتن کرد و ئاماژەی بەوەدا، هەفتەی داهاتوو شاندێک لە ئەمریکاوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و لەگەڵ لیژنەی بازرگانی هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.
 
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق گوتی، دژوەستانەوەی گەندەڵی و بەرەوپێشبردنی ئابووری هەرێمی کوردستان دوو بابەتی سەرەکی سیاسەتی ئەمریکان. هەروەها گوتیشی، بۆ ئەنجامدانی ئەو چاکسازیانە پێکەوەکارکردن و یەکگرتوویی لایەنەکان گرنگییەکی زۆری هەیە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.