رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە تیروپشکێکدا ژمارەی دایە بەربژێرە سەربەخۆکان، هاوپەیمانی و حیزبەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
بەگوێرەی تیروپشکەکە ژمارەی حیزب و هاوپەیمانییەکان بەمشێوەیەیە؛ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ژمارە 129، هاوپەیمانیی نیشتمانی (پێشتر بەرهەم ساڵح دایمەزراند) ژمارە 162، هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان 133، رەوتی هەڵوێست (بە سەرۆکایەتیی عەلی حەمە ساڵح) 161، بەرەی گەل (بە سەرۆکایەتیی لاهوور شێخ جەنگی) 169، هاوپەیمانیی سەردەم 164، بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان (بە سەرۆکایەتیی کامیلی حاجی عەلی) 123، نەوەی نوێ 157، بەرەی تورکمانیی عێراقی 146، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان 148، بزووتنەوەی گۆڕان 114، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 147.
لیستی ئەنجامی تیروپشکەکەی کۆمیسیۆن:
ئەو دوو هاوپەیمانییەی بۆ هەڵبژاردن ژمارەیان وەرگرت، یەکێکیان (هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان)ـە، کە پێکهاتووە لە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، حیزبی شیوعی کوردستان و حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و محەممەدی حاجی مەحموود سەرۆکایەتی دەکات.
ئەوی دیکەیان هاوپەیمانیی (سەردەم)ـە کە پێکهاتووە لە پارتی رەنجدەرانی کوردستان لە یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان و پارتی پارێزگاران پێکهاتووە و عەبدوڵڵای حاجی مەحموود سەرۆکی هاوپەیمانییەکەیە.
تاوەکو ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە رێکارەکانی هەڵبژاردندا بەشدارییان نەکردووە؛ بۆیە هیچ بەربژێر و لیستێکیان نەبوو بۆ وەرگرتنی ژمارە.
رێکارەکانی کۆمیسیۆن لەکاتێکدایە، رۆژی 10ـی حوزەیران بۆ هەڵبژاردنەکە دیاریکراوە. هەڵبژاردنەکە بێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێنج بۆ تورکمان و کورسیەکی دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان.
18ـی مانگی ئادار، پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بەنایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین."
دوای بڕیارەکەی پارتی، هەریەکە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایانگەیاند، ئەوان لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا.
پێشتر 15 پارتی کریستیان لە دوو راگەیێندراوی جیادا بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا، ئەو هەڵوێستەیان وەک رەتکردنەوەی ئەو دیفاکتۆیەیە کە سەپێندراوە بەسەر کریستیانەکان لە رێگەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و هەموارنەکردنی یاسای هەڵبژاردن و تایبەتنەکردنی دەنگدان لەنێو پێکهاتەکەدا.
هەروەها لە 12ـی ئاداردا 10 حیزب و لایەنی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بە هەمان هۆکار بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کرد و رایانگەیاند، "تاوەکو ئەو کاتەی ستەمی کۆتای پێکهاتەکان هەڵدەگیرێت، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن."
لیستی ئەنجامی تیروپشکەکەی کۆمیسیۆن:
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ