رووداو دیجیتاڵ
ئاوی هەر سێ بەنداوە گەورەکەی هەرێمی کوردستان زیادیکردووە. بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان دەڵێت، بەنداوی دەربەندیخان دوو مەتری ماوە سەرڕێژ بکات.
ئەم وەرزەی بارانبارین بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو بارانی زیاتر باریوە. ئەمڕۆ دووشەممە، 08ـی نیسان، رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هەموو بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە پار ئاویان زیادیکردووە.
بەنداوی دووکان توانای گلدانەوەی حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە. رەحمان خانی گوتی، "بەراورد بە ساڵی رابردوو، بەنداوی دووکان 656 ملیۆن مەتر سێجا زیاتر ئاوی تێدایە".
بەنداوی دەربەندیخان دووەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە. بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان گوتی، "بەنداوی دەربەندیخان تەنیا دوو مەتری ماوە بۆ پڕبوون".
هەر ئەمڕۆ فەرهاد محەممەد، بەڕێوەبەری بەنداوی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە توانای گلدانەوەی 52 ملیۆن مەتر سێجا، بەنداوەکەمان 47 هەزار و 500 مەتر سێجا ئاوی تێدایە".
بەنداوی دووكان لە ساڵی 1959 لەلایەن كۆمپانیایەكی بەریتانییەوە دروستكرا و بەنداوی دەربەندیخانیش لە ساڵی 1961 لەلایەن كۆمپانیایەكی ئەمریكییەوە دروستكرا؛ بەنداوی دهۆکیش ساڵی 1988 دروستکرا.
جگە لە سێ بەنداوە گەورەکەی هەرێمی کوردستان، چەندین بەنداو و گۆماوی دەستکرد لە هەرێمی کوردستان هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ