رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژێکە لە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای ئیلام، بەتایبەت لە ناوچەی دێلوران، باران دەبارێت. کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگاکەش لەبارەی ئەگەری دروستبوونی لافاو هۆشداری دەدات.
کەشناسیی پارێزگای ئیلام دەڵێت، بارینی باران لەو پارێزگایە تاوەکو نێوەڕاستی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت. دوای ئەو راگەیێندراوە، کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگاکە لەبارەی ئەگەری دروستبوونی لافاو هۆشداریی دا.
دوای ئەو هۆشدارییەش، کۆنترۆڵی قەیرانی شاری دێلوران بە سەرپەرشتیی قایمقام کۆبووەوە.
لەتیف سادقی، قایمقامی دێلوران لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، رۆژی هەینی لە یەک کاژێردا زیاتر لە 18 ملیمەتر باران لە شاری دێلوران باریوە و بە بەردەوامبوونی بارانبارین، ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە.
قایمقامی دێلوران داوای لە کۆنترۆڵی قەیرانی و شارەوانیی شارەکە کرد، بۆ ئەگەری دروستبوونی لافاو ئامادەبن و ئەگەر پێویستی کرد، سوود لە تواناکانی کەرتی تایبەتیش وەربگرن.
لەتیف سادقی داوای لە کۆچەرییەکان، جووتیار، گەشتیار و شاخەوانانیش کرد خۆیان لە دەوروبەری رووبار و چەمەکان بەدوور بگرن.
بە گوتەی قایمقامی دێلوران، کۆی گشتیی بارانبارین لە ناوچەکە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 63 ملیمەتر بووە، کە بەراورد بە درێژخایەن 69% کەمبووەتەوە.
لە چوارشەممەی رابردووەوە شەپۆلێکی بارانبارین لە پارێزگای ئیلام دەستیپێکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ