رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەڵێت، ''داوای وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە وەزارییەیان کردووەتەوە، کە ئێستا بە دەست عەبدوڵڵای حاجی مەحموودەیە و سێ بەربژێریان بۆ پۆستەکە دیاریکردووە.
د. فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییانەی نێو حیزبەکەی بە پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ''کێشە و گرفتەکانمان تێپەڕاندووە و ئێستا سەرقاڵی ئامادەکاریین بۆ بەستنی کۆنگرە و خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو میکانیزمەی کە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دانراوە.''
وەک فەرهاد تۆفیق گوتی، بە پێشنیازی سەرۆک و رەزامەندیی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، لە داهاتوویەکی نزیکدا پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان کۆنگرەی نائاسایی خۆی دەبەستێت، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، جێگری سەرۆکی حیزبەکە کە ''دەرکراوە''، مافی بەشداریکردنی لە کۆنگرەدا نابێت.
رۆژی سێشەممە 5ـی ئادار، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و ئەنجوومەنی راوێژکاری و چاودێریی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لەگەڵ بەرپرسی سەرجەم مەڵبەندەکان بە سەرپەرشتیی محەممەدی حاجی مەحممود سەرۆکی پارتەکە بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا بە زۆرینەی دەنگی سەرکردایەتیی حیزب بڕیاری دوورخستنەوەی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات لە جێگری سەرۆکی حیزب و ئەندامێتیی حیزبەکە درا.
گوتەبێژی پارتی سۆسیالیست گوتیشی، تاوەکو ئێستا وادەی بەستنی کۆنگرە دیار نییە، بەڵام کۆنگرەیەکی نائاسایی دەبێت و بۆ ئەوەی بتوانن لە نزیکترین دەرفەتدا دەستبەکار بن. گوتیشی، میکانیزمەکەی دیاریکراوە و ''بەستنی کۆنگرەکە پەیوەستە بە بارودۆخی گشتیی ناوچەکە و پێویستە بە ستراتیژیی حیزب و بەرنامەی کاری خۆماندا بچینەوە.''
گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان هۆکاری ''دەرکردن''ـی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود دەگەڕێنێتەوە بۆ ''پابەندنەبوونی بە پەیڕەو و پڕۆگرامی حیزب و ئامادەنەبوونی لە کۆبوونەوەکان، پشتگوێخستنی ئەرکەکانی خۆی و کارکردن دژی سیاسەتی حیزبی."
د. فەرهاد تۆفیق جەختی لەوە کردەوە، ''هیچ جۆرە بڕیارێک بۆ دانیشتنەوەی دووبارە لەسەر بابەتەکە نییە و عەبدوڵڵا حاجی مەحموود لە ئەندامێتیی حیزبیش دوورخراوەتەوە و مافی بەشداریکردنی لە کۆنگرەدا نییە.''
''داوای پۆستی وەزاریی عەبدوڵڵا حاجی مەحموودمان کردووەتەوە''
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود لەسەر پشکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانە، گوتەبێژی پارتەکە لەوبارەوە دەڵێت، ''ئێمە پۆستەکە بە مافی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەزانین و داوای وەرگرتنەوەیمان کردووە.''
فەرهاد تۆفیق دەڵێت، لەلایەن پارتی سۆسیال دیموکراتەوە سێ بەربژێر بۆ ئەو پۆستە دیاریکراون کە چاوەڕێی بڕیاری سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و گرتنەبەری رێکارە کارگێڕییەکان دەکەن، بۆ هەڵبژاردنی یەکێک لەو سێ بەربژێرە، بۆ ئەوەی بە وەکالەت لە شوێنی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود دابنرێت.
دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان و بڕیاری دەرکردنی جێگری سەرۆکی پارتەکە، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود لە بارەگای هەولێری پارتی سۆسیالیست، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی: "من هەر جێگرم و بڕیارەکە نایاسایی و ناپەیڕەوی بووە."
عەبدوڵڵای حاجی مەحموود ئاماژەی بەوە کرد، "هەڵوەشانەوەی پۆستی سەرۆک و جێگری سەرۆکی حیزب لەنێو پەیڕەوی پارتی سۆسیال دیموکرات لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی حیزب نییە؛ بۆیە بڕیارەکە پەیڕەوی نییە."
بڕیارەکەی سەرکردایەتیی سۆسیالیست تەنیا بۆ پۆستە حیزبی و وەزارییەکەی نییە، بەڵکو بڕیارە هەرچی موڵک و ئۆتۆمبێل و پاسەوانی حیزبییە لە عەبدوڵڵا حاجی مەحموود وەربگیرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ