رووداو دیجیتاڵ
لە دەروازەی سنووریی پەروێزخانی ناحیەی قەسری شیرینی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەست بەسەر بڕێکی زۆر سووتەمەنیدا گیرا، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگاکە دەڵێت، بەهای سووتەمەنییە قاچاخەکە دەگاتە نزیکەی 20 هەزار دۆلار.
ئەمڕۆ هەینی، 08-03-2024، مەهدی حاجیان، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە دەروازەی سنووریی پەروێزخانی سەر بە ناحیەی قەسری شیرینی پارێزگاکە دەست بەسەر 47 هەزار و 178 لیتر سووتەمەنیی قاچاخدا گیراوە.
مەهدی حاجیان گوتی، لە کاتی پشکنیندا، تیمەکانی پۆلیس 13 ماتۆرسکیل و پێنج ئۆتۆمبێلیان دەستنیشان کردووە، کە بۆ کاری بەقاچاخبردنی سووتەمەنی بەکارهاتوون.
فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کرماشان ئاماژەی بەوە کرد، بەهای ئەو سووتەمەنییەی کە دەستی بەسەردا گیراوە، یەک ملیار و 85 ملیۆن تمەن (نزیکەی 20 هەزار دۆلار) بووە، هاوکات گوتیشی، ''13 کەسی پەیوەنددار بە دۆسیەکە دەستگیرکراون کە رادەستی دەسەڵاتی دادی پارێزگاکە دەکرێن.''
ناحیەی قەسری شیرین دەکەوێتە رۆژئاوای پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لەگەڵ قەزای کەلاری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە هەرێمی کوردستان هاوسنوورە و دەروازەی پەروێزخانیش لەم سنوورە هەڵکەوتووە، کە ساڵی 2007 بە فەرمی کراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ