رووداو دیجیتاڵ
هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا دەڵێت، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 13 هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستانیان لە لیبیاوە گەڕاندووەتەوە. دەشڵێت، لە بەدواداچوونی بەردەوامدان بۆئەوەی شوێنی هاووڵاتییە عێراقییەکانی دیکە، کە لەو وڵاتە گیریان خواردووە، بدۆزنەوە و بیانگەڕێننەوە.
ئەمڕۆ شەممە 8ی شوباتی 2025 ئەحمەد سەحاف، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە چوارچێوەی هەوڵەکانمان بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییە عێراقییەکانی نێو لیبیا، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 13 هاووڵاتییمان گەڕاندووەتەوە کە سەرجەمیان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون و دواینییان هاووڵاتییەک بوو کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو گەڕاندمانەوە."
ئەحمەد سەحاف دەڵێت، "دوو هاووڵاتی دیکەش کە ئەوانیش خەڵکی هەرێمی کوردستانن لە شاری بەنغازین و لەگەڵ حکومەتی لیبیا لە هەوڵی چڕداین بۆ گەڕاندنەوەیان، لە رۆژانی ئاییندەدا ئەوانیش دەگەڕێنینەوە. لە بەدواداچوونی بەردەوامیشداین بۆئەوەی شوێن و ژمارەی هاووڵاتییە عێراقییەکانی دیکەی ئەو وڵاتە ئاشکرا بکەین و بیانگەڕێنینەوە."
هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا گوتیشی، "هەمیشە لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ حکومەتی لیبیا بۆ ئەوەی ئەو هاووڵاتییانەمان کە لەو وڵاتە گیریان خواردووە، پارێزراوبن لە تۆڕەکانی بازرگانی بە جەستەی مرۆڤ."
17ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، 12 هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان کە لە رێگەی نایاساییەوە بۆ گەیشتن بە ئەورووپا لە لیبیا گیریان خواردبوو، لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە گەڕێندرانەوە.
چەند ساڵێکە کۆچبەران لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقاوە دەچنە تونس و لیبیا، لەوێوە بە بەلەم دەچنە ئەورووپا و داوای مافی پەنابەری دەکەن.
توبروق نزیکترین خاڵی سنووریی لیبیایە بۆ ئەورووپا و ماوەی گەیشتنی بەلەمێکی کۆچبەران لە لیبیاوە بۆ یەکەم خاڵی سنووری خاکی ئەورووپا کە شارۆچکەی جیاوتۆرێی ئیتاڵییە، نزیکەی 23 کاژێر دەخایێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ