رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرەڕای کەمیی بڕی باران، ئاستی ئاوی بەشێک لە بەنداوەکان بەرزبووەتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، حکومەتی فیدراڵی لەسەر پرسی بەردانەوەی ئاو، هیچ رێککەوتنێکی لەگەڵ تورکیا و ئێران نەکردووە.
ئەمڕۆ شەممە 08-02-2025 رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد، رایگەیاند، لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، بڕی بارانی ئەم وەرزەی بارانبارین، بەراورد بە هەمان کاتی وەرزی رابردوو کەمتر بووە.
رەحمان خانی ئاماژەی بەوەش کرد، "هێشتا زووە بڕیار لە بڕی باران بدەین، چونکە وەرزی بارانبارین درێژەی هەیە و تاوەکو نێوەڕاستی مانگی 5 بارانی دیکە دەبارێت."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئێستا لە هەولێر و دهۆک کەمترین بڕی بارانبارین تۆمار کراوە، بە جۆرێک جیاوازیی نێوان بارانی ئەم وەرزە و وەرزی رابردوو تاوەکو ئەم کاتە، لە هەولێر 159.8 ملـلیمەترە و لە دهۆکیش نزیکەی 350 ملـلیمەترە.
سلێمانی و هەڵەبجە بەراورد بە هەولێر و دهۆک بارانبارین تێیاندا باشتر بووە، بەڵام هێشتا لە بڕی وەرزی رابردوو کەمترە، بە جۆرێک لە سلێمانی جیاوازییەکە نزیکەی 50 ملـلیمەتر و هەڵەبجەش زیاتر لە 146 ملـلیمەترە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، ئاستی ئاوی بەشێک لە بەنداوەکان بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی رابردوو بەرز بووەتەوە، "بە جۆرێک کە ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان لە سێ رۆژی رابردوودا نزیکەی 30 سانتیمەتر بەرزبووەتەوە؛ بەنداوی دهۆکیش نزیکەی 5 مەتر ئاستەکەی لە پار بەرزترە، بەڵام ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان کەمێک کەمترە بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی رابردوو."
جیا لە ئاوی باران، سەرچاوەی ئاوی بەشێک لە بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان ئەو رووبارانەیە کە لە تورکیا و ئێرانەوە دەڕژێنە نێو هەرێمی کوردستان، بەڵام ساڵانە گرتنەوەی ئاو لەلایەن ئەو دوو وڵاتەوە کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی داهاتی ئاوی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت. بە گوتەی رەحمان خانی، "بەپێی مادەی 110ی دەستوور، رێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەسەر بەردانەوەی بڕی ئاو، لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدایە."
ئێران لە ساڵی 2017ـەوە بەنداوی کۆڵەسەی لە شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر زێی بچووک دروستکردووە و ناوە ناوە سەرچاوەی ئاوەکە لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە، بەمەش ساڵانە بڕی ئاوەکەی لە باشووری کوردستان بۆ نزیکبوونەوە لە وشکبوون کەمی کردووە و کاریگەری لەسەر ئاستی ئاوی بەنداوی دووکانیش هەبووە.
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگەکانی ئاو ئەوەشی خستەڕوو، عێراق پلانی هەیە لەگەڵ ئێران لەسەر پرسی ئاو کۆببێتەوە، "بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێکی واژۆکراو لەنێوان عێراق و دراوسێکانی بەتایبەتی ئێران لەئارادا نییە، هەروەها کۆبوونەوەکانیش بۆ ئەم پرسە بە سستی بەڕێوەدەچن."
جگە لە بەنداوەکانی دهۆک، دەربەندیخان و دووکان، لە هەرێمی کوردستان 20 بەنداوی مامناوەند و بچووکیش هەن. رەحمان خانی گوتی، "بەپێی ئەو پلانەی هەیە، بە کەمترین باران بەشی زۆری ئەو بەنداوانە پڕدەبن و تەنانەت ئەو ساڵانەش کە بارانبارین تێیاندا کەم بووە، سەرڕێژ دەبن."
وەک بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئێستا بەهۆی نەبوونی نەختینە، کارکردن لە 11 بەنداو وەستاوە کە دووانیان بەنداوی گەورەن و گوتی، "لە سنووری هەولێر بەنداو هەیە بۆ 100 ملیۆن دینار کارەکانی وەستاون و چاوەڕێی چارەسەربوونی کێشەی نەختینەین لە بانکەکان دەکەین بۆ تەواوکردنی."
بەگوێرەی ئامارێک کە رێکخراوی ئاوی کوردستان بە رووداوی داوە، ساڵانە 47 ملیار مەتر سێجا ئاو بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت، لەو بڕە تەنیا سوود لە 17 ملیاری وەردەگیرێت و 30ـی دیکەی بەفیڕۆ دەڕوات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ