پەخشکردنی گوتاری هەینی لە مزگەوتەکانی دهۆک قەدەخە کرا

08-02-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پەخشکردنی گوتاری هەینی لە مزگەوتەکانی دهۆک قەدەخە کرا و وەزارەتی ئەوقافیش دەڵێت، نابێت گوتاری هەینی و رێوڕەسمی ئایینی بەبێ رەزامەندیی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەوقاف لەلایەن هیچ دەزگایەکی راگەیاندنەوە بگوازرێتەوە.
 
ئەمڕۆ شەممە 8ی شوباتی 2025، ناسیح محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی دهۆک بە وەکالەت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارمان داوە رێگە بە هیچ دەزگایەکی میدیایی نەدەین گوتاری هەینی تۆمار و پەخش بکات. تەنیا رێگە بە دەزگاکانی راگەیاندنی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف دەدرێت گوتاری مزگەوتەکان بگوازنەوە."
 
ناسیح محەممەد دەڵێت، "جۆرێک لە پشێوی و بێسەروبەری لە گواستنەوە و بڵاوکردنەوەی گوتاری هەینی دروست ببوو؛ هەر کەسە و بە ویستی خۆی هەر بەشێکی گوتارەکەی بە دڵ بووبا، بڵاودەکردەوە. ئەم هەنگاوەشمان لەبەر بەرژەوەندی گشتی و بە گوێرەی ئەو دەسەڵاتانەیە کە بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەوقاف دراوە."
 
هاوکات نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف بە رووداوی گوت، "ئێمە لە ساڵی 2016ـەوە ئەو بڕیارەمان داوە کە نابێت گوتاری هەینی و رێوڕەسمی ئایینی بەبێ رەزامەندی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەوقاف لەلایەن هیچ دەزگایەکی راگەیاندنەوە بگوازرێنەوە."
 
نەبەز ئیسماعیل ئاماژەی بەوەش کرد، "وەک چۆن بۆ چوونە هەر شوێنێکی دیکەی حکومەت مۆڵەت وەرگرتن پێویستە، بۆ مزگەوت و شوێنە ئاینییەکانی دیکەش نابێت بەبێ مۆڵەت وەرگرتن کاری میدیایی بکرێت."
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ئەوقاف، لە هەرێمی کوردستان 6 هەزار و 150 مەزگەوت هەن؛ لەو ژمارەیە لە 3 هەزار و 800 مزگەوتدا گوتاری هەینی پێشکێش دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند کرێکارێک لەکاتی کارکردندا لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزیری کاری عێراق: کار بۆ زیادکردنی مووچەی کرێکاران دەکەین

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەو کرێکارانەی لە کەرتی تایبەت تۆمارکراون 10٪ تێناپەڕێت. دەشڵێت، قەرزی پڕۆژەی بچووک و کەمترین مووچەی کرێکاران زیاد دەکەن.