گومرکی کرماشان: لە 10 مانگدا بایی زیاتر لە 2.5 ملیار دۆلار هەناردەمان هەبووە

08-02-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرکی پارێزگای کرماشان دەڵێت، لە 10 مانگی رابردوودا، بایی زیاتر لە دوو ملیار و 580 ملیۆن دۆلار کەلوپەل لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 08-02-2024، عەلی ئەسغەر عەباسزادە، بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی کرماشان رایگەیاند، لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا، 6 ملیۆن و 76 هەزار تۆن کەلوپەل، کە بایی دوو ملیار و 587 ملیۆن دۆلار بووە، لە رێگەی گومرک و دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکە هەناردە کراوە.
 
عەلی ئەسغەر عەباسزادە گوتی، بەراورد بە ساڵی پار هەناردەکردنی کەلوپەل لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای کرماشانەوە لە رووی نرخەوە 19% و لە رووی کێشەوە 9% زیادیکردووە.
 
بەگوتەی عەباسزادە، لەو ماوەیەدا زۆرترین هەناردە لە رێگەی دەروازەی سنووریی پەروێزخانەوە بووە و 2 ملیۆن و 331 هەزار تۆن کەلوپەل کە دەکاتە بایی 893 ملیۆن دۆلار، لەو دەروازە سنوورییەوە هەناردە کراوە.
 
دەشڵێت، دەروازەی سنوورییەکانی خۆسرەوی و سوومار لە رووی هەناردەکردنەوە بە پلەی دووەم و سێیەم دێن، بەو پێیەی یەک ملیۆن و 541 هەزار تۆن کەلوپەل بایی 710 ملیۆن دۆلار لە دەروازەی سنووریی خۆسرەوییەوە هەناردە کراوە و لە رێگەی دەروازەی سنووری سووماریشەوە یەک ملیۆن و 409 هەزار تۆن کەلوپەل بایی 642 ملیۆن دۆلار هەناردە هەبووە.
 
سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکانی شێخ سڵە و شووشمێ، بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی کرماشان رایگەیاند، لە ماوەی ئەو 10 مانگەدا 543 هەزار کەلوپەل بە بەهای 304 ملیۆن دۆلار لە دەروازەی سنووریی شێخ سڵە و 251 هەزار تۆن کەلوپەلیش بە بەهای زیاتر لە 38 ملیۆن دۆلار لە رێگەی دەروازەی سنووریی شووشمێ هەناردە کراوە.
 
عەلی ئەسغەر عەباسزادە دەڵێت، ئەو کەلوپەلانەی لەو دەروازە سنوورییانەوە هەناردەکراون بریتین لە ئاسن، شیش، کاشی، سیرامیک، بەردی بیناسازی، بەرهەمە پلاستیکییەکان، شیرەمەنییەکان و سەوزە و میوە.
 
پارێزگەی کرماشان، 371 کیلومەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیە. پارێزگەکە، پێنج دەروازەی سنووری هەیە کە سێیان لەگەڵ هەرێمی کوردستانن، دەروازەیەک دەکەوێتە سەر سنووری خانەقینی باشووری کوردستان و دەروازەیەکی سنووریش لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراقە. 
 
دەروازە سنوورییەکانی پەروێزخان، شووشمێ و شێخ سڵە دەکەونە سنووری هەرێمی کوردستان، دەروازەی سوومار دەکەوێتە سنووری قەزای خانەقین لە باشووری کوردستان و دەروازەی سنووری خوسرەویش دەکەوێتە سەر سنووری نێوان کرماشان و ناوچەکانی دیکەی عێراق.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شارەزوور.

قایمقامی شارەزوور: قوتابخانەمان هەیە 97٪ی کارەکانی تەواوکراوە، بەڵام لەبەر پارەیەکی کەم راگیراوە

رزگار غەفوور، قایمقامی قەزای شارەزوور میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی لە کێشە و گرفتەکانی سنووری قەزای شارەزووری کردو رایگەیاند، قەیرانی دارایی و گرفتی نەختینەیی گرفتی گەورەی بۆ دروست کردووین، "بەجۆرێک زۆرینەی ئەو پرۆژانەی هەمانن بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینەوە راگیراون".