قوباد تاڵەبانی: دەبێت دەسەڵاتی جێبەجێکردن بدرێتە ژنان، چونکە پیاوان لە ژنان گەندەڵترن

07-12-2023
پەیمان محەممەد
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ژن کە لە زانکۆی سلێمانی بە ناونیشانی ''ژن لە ئاوێنەی کۆمەڵگە و مێژوودا'' بەڕێوەچوو.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ژن کە لە زانکۆی سلێمانی بە ناونیشانی ''ژن لە ئاوێنەی کۆمەڵگە و مێژوودا'' بەڕێوەچوو.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ژنان لاواز نین و وەک پیاو توانای بەڕێوەبردنی هەر کارێکیان هەیە، گوتیشی: ''بۆ دروستکردنی هاوسەنگیی نێوان ژنان و پیاوان، دەبێ بگەڕێینەوە سەر نەریتی رەسەنی کوردەواری''.
 
رۆژی پێنجشەممە 07-12-2023، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ژن کە لە زانکۆی سلێمانی بە ناونیشانی ''ژن لە ئاوێنەی کۆمەڵگە و مێژوودا'' بەڕێوەچوو، رایگەیاند، ''ژن لاواز نییە و کەمتر نییە لە پیاو، بەڵکو ژن و پیاو لە یەک ئاستدان و ئەم یەکسانییە دەبێتە هۆی گەشەیەکی باشی کۆمەڵگە".
 
''هاوسەنگیی ژن و پیاو، نەریتێکی رەسەنی کوردەوارییە''
 
قوباد تاڵەبانی پێیوایە یەکسانیی نێوان ژن و پیاو سەرەتا لە باوەڕەوە دەستپێدەکات و دەڵێت: ''بۆ دروستکردنی باوەڕی یەکسان دەبێ بگەڕێینەوە سەر نەریتی رەسەنی کوردەواریی خۆمان، کە پڕە لە مێژوو و نموونەی جوان لەم یەکسانییە".
 
وەک جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەیدا، کەمکردنەوەی تووندوتیژی دژی ژنان و بنبڕکردنی تەنیا ئەرکی حکومەت نییە، بەڵکو سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەبێ تێیدا بەشدار بن و هاوئاهەنگییەکی زیاتر لە نێوان بەشە جیاجیاکانی کۆمەڵگە هەبێت، بۆ ئەوەی یەکسانیی نێوان ژن و پیاو دەستەبەر بکرێت و ببێتە بەشێک لە گەشەسەندنی گشتی.
 
 قوباد تاڵەبانی پێیوایە بۆ چەسپاندنی بیری یەکسانیی ژن و پیاو لە کۆمەڵگەدا، دەبێ لە قۆناخی منداڵییەوە کاری بۆ بکرێت و پەروەردە رۆڵێکی گرنگی لە کەمکردنەوەی تووندوتیژی دژی ژنان و هێنانەدی هاوسەنگیی نێوان ژن و پیاو هەیە.
 
''ناهاوسەنگیی نێوان ژن و پیاو تووندوتیژی لێدەکەوێتەوە''
 
نزیکەی 98%ـی ئەو تووندوتیژییانەی بە فەرمی تۆمارکراون، لەلایەن پیاوێکەوە بەرامبەر ژن کراون، وەک جێگری سەرۆکی حکومەت دەڵێت، ''تووندوتیژی دەرئەنجامی هەبوونی ناهاوسەنگییە، بۆیە لە نێوان ژن و پیاو لە خێزان، شوێنی کار و بازاڕدا، لەگەڵ هەبوونی تووندوتیژی، ناهاوسەنگیی هێزیش دەبینرێت''.
 
قوباد تاڵەبانی، جگە لە هەبوونی ناهاوسەنگیی هێزی نێوان ژنان و پیاوان، جەنگ، قەیرانی دارایی، قەیرانی مرۆیی، رووکردنی ئاوارەکان بۆ هەرێمی کوردستان و بڵاوبوونەوەی کۆرۆناش بە هۆکاری بەربڵاوتربوونی تووندوتیژی دەزانێت.
 
''هیچ شەرەفێک لە ژنکوژیدا نییە''
 
زۆربەی ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان و بەگشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە ناوی ''شەرەف'' دەست بۆ تووندوتیژی دژی ژنان و ژنکوژی دەبەن، لەلایەن یاساوە وەکو پێویست سزا نادرێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، ''یاساکان پێویستیان بە هەموارکردنەوە هەیە، بەڵام گرنگتر ئەوەیە کە یاسا بەرکارەکان جێبەجێ بکرێن، بەگشتی پێموایە لە چەند ساڵی رابردوودا دادوەرەکان، دەزگا ئەمنییەکان و کۆمەڵگە گرنگییەکی زیاتریان بە تووندوتیژی و ژنکوژی داوە''.
 
قوباد تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە، نابێ بابەتی ژنکوژی بە شێوەی ''سوڵحی عەشیرەیی'' چارەسەر بکرێت، بەڵکو عەشیرەت و سەرۆک عەشیرەکان دەبێ بەر لە ئەنجامی تاوانەکە (ژنکوژی) رۆڵیان لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبێت.
 
رۆڵی میدیاکان لە تووندوتیژیدا
 
زۆرجار گلەیی لە میدیاکاران و راگەیاندنەکان دەکرێت، بەوەی گوایە رۆڵیان لە زیادبوونی تووندوتیژیدا هەیە، ئەویش بەهۆی رووماڵەکانیان بۆ رووداوەکانی تووندوتیژی وەکو نیشاندانی شێوەی خۆکوشتن یان خۆسووتاندن.
 
 جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە گوتی: ''نابێ میدیاکان رۆڵی بڵاوبوونەوەی تووندوتیژی ببینن و ببنە هۆی چاولێکەریی هاووڵاتییان بۆ بەرفراوانترکردنی تووندوتیژی، بەڵکو دەبێ هۆشیارانەتر مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکەن".
 
''پرسی هاوسەنگیی نێوان ژن و پیاو پرسێکی جیهانییە''
 
لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، مووچەی ئەو ژن و پیاوانەی کە لە یەک شوێن، یەک کاری هاوبەش دەکەن جیاوازە و مووچەی پیاوان زیاترە، قوباد تاڵەبانی پێیوایە ئەم بابەتە دەرخەری ئەوەیە کە پرسی هاوسەنگی لە نێوان ژنان و پیاوان تەنیا نەبەستراوەتەوە بە کوردستان، بەڵکو پرسێکی جیهانییە، گوتیشی، ''بۆیە ژنان دەبێ زیاتر پاڵپشتیی یەکدی بن، چونکە ئەگەر ژن پشتگیریی خۆی نەکات، رەنگە پیاوان پشتگیرییان نەکەن".
 
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە پێویستی دەزانێت کۆمەڵگە و رێکخراوەکان لە چالاکیی دژی تووندوتیژی بەردەوام بن و دەڵێت، ''هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە زۆر قورسترە لە دەرکردنی یاسا یان رێنماییەکان و ئەمە شتێک نییە بە رۆژێک، کۆنفرانسێک یان بڕیارێک بیرکردنەوەی جیاواز بخرێتە کۆمەڵگە، بەڵکو ئەمە پێویستی بە بەردەموامبوونە".
 
قوباد تاڵەبانی باسی لە بوونی ژنان لە کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە حکومییەکان کرد و گوتی، ''راستە ژمارەیەکی باش لە ژنان لە شوێنە جیاجیاکانی حکومەت و دامەزراوەکان بەشدارن، بەڵام کەمتر دەسەڵاتی جێبەجێکارییان بەدەستەوەیە و زیاتر لە شوێنە ئیدارییەکانن، دەبێ هەوڵ بدرێت لە داهاتوودا ژن وەکو جێگری سەرۆکوەزیران، سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان ببینرێن و ئەو متمانەیان پێ بدرێت حکومەتیان بەدەستەوە بێت، چونکە راپۆرتەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە پیاوان لە ژنان گەندەڵترن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دووکانێکی فرۆشتنی خۆراک.

ئەمساڵ یەک جار لەگەڵ بەشەخۆراکدا رۆنی شل دابەشکراوە؛ کەی دابەش دەکرێتەوە؟

ئەمساڵ تەنیا یەک بەشەخۆراکی 2025 دابەشکراوە و دابەشکردنی دووەم بەشەخۆراک دەستیپێکردووە. لە هەردوو بەشەکەشدا تەنیا یەکجار رۆنی شل دابەشکراوە. بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی دەڵێت، کارگەی رۆنەکە لەکارکەوتبوو و چاککراوەتەوە و برنجی بەشی دووەمیش لە رێگەدایە.