رووداو دیجیتاڵ
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی هێرشەکانی سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی لێپێچینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە دەکات.
رۆژی سێشەممە، 07ی تشرینی دووەمی 2023، ڤیدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆنامەڤانییدا لە واشنتن دی سی، سەبارەت بە هێرشی بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان گوتی، "کاریگەریی ئەو هێرشانە لەسەر خەڵکی سڤیل هەیە".
پاتێل بە رووداوی راگەیاند، "بێگومان ئەو هێرشانەی لە عێراق دەکرێن، ئێمە بە گرنگییەوە لێیان دەڕوانین و ئەوە پرسێکیشە راستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی عێراقی باسمان کردووە و خاڵێکیش بوو کە وەزیری دەرەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیران سوودانی وروژاندی. نامەوێت بچمە نێو وردەکارییەکانەوە، بەڵام سەرۆکوەزیران بۆ خۆی رایگەیاند ئەو هێرشانە قبووڵکراو نین. ئەمە پرسێکە کە ئێمە لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوام لە گفتوگۆدا دەبین بۆ هەر هەنگاوێک دەیگرێتەبەر تاوەکو لێپێچینەوە لە ئەنجامدەرانی بکات".
رۆژی 5-11-2023 ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەردانێک گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە. لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا لە فڕۆکەخانەى بەغدا، بیلنکن رایگەیاند، "گفتوگۆیەکى ئەرێنى و راشکاوانەى لەگەڵ سەرۆکوەزیرانى عێراق کردووە".
هەر لەبارەی ئەو هێرشانەوە، رۆژی سێشەممە 7-11-2023 بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە رووداوی راگەیاند، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا چەند جارێک بە درۆن هێرش کراوەتە سەر سنووری پارێزگای هەولێر؛ ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشە درۆنییەکان زیاتر بنکەکانی ئەمریکا دەکەنە ئامانج.
ئەو بەرپرسە گوتی، تاوەکو ئێستا لە ئەنجامی هێرشە درۆنییەکان کەس لە سنووری هەولێر گیانی لەدەستنەداوە و کەسیش بریندار نەبووە.
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی دووشەممە 6ی تشرینی دووەمی 2023، پێنتاگۆن رایگەیاند، لە دەستپێکی جەنگی گرووپە چەکدارەکانی كەرتی غەززە و ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمەوە لانیکەم 40 جار گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران هێرشیانکردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، سەبارەت بە هەوڵەکانی ئیدارەی بایدن بۆ دۆخی غەززە بە رووداوی راگەیاند، "دەمانەوێت دۆخێک بێتەئاراوە کە رێگە بە گەیشتنی هاوکاری مرۆیی زیاتر بۆ نێو غەززە بدات. دەمانەوێت دۆخەکە بە جۆرێک بێت ئاسانکاری بکات بۆ ئەگەری ئازادکردنی بارمەتی دیکە لەلایەن حەماسەوە. هەروەها دەمانەوێت دۆخێک هەبێت کە دەرفەت بە حەماس نەدات خۆی رێکبخاتەوە و پێگەی بەهێز بێتەوە، بە جۆرێک بتوانێت هێرش بکاتە سەر خەڵکی ئیسرائیل و هێرشی تیرۆریستی زیاتر بکات".
لە 7-10-2023ـەوە کە جەنگی نێوان چەکدارانی کەرتی غەززە و سوپای ئیسرائیل هەڵگیرساوە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سێجار سەردانی ناوچەکەی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ