بیانییەکان بە وەرزشى رەگبى کۆمەکی ئاوارەکان دەکەن

07-11-2015
یودیت نیورینگ
نیشانەکردن رەگبى ئاوارەکان
A+ A-

رووداو- هەولێر

رەگبی وەرزشێکە لە عێراق و هەرێمى کوردستان نەناسراوە. تەنانەت یەک مەیدانی رەگبی لەم وڵاتەدا نییە، بەڵام ئێستا کۆمەڵێک خێرخواز کە زۆربەیان بیانین، لەڕێگەی ئەو یارییەوە دەستیان بە هەڵمەتێک کردووە بۆ یارمەتیدانى ئەو ئاوارانەى لە هەرێمى کوردستانن.

"رەگبی بۆ ئاوارەکان" ناونیشانی ئەو هەڵمەتەیە کە دەیەوێت پارە بۆ ئەو لێقەوماوانە کۆبکاتەوە. نیڵ یانگ کە لە کۆمپانیایەکی لۆجستیکی لە کوردستان کاردەکات، دەڵێت "دەمانەوێت لەڕێگەی رەگبییەوە سەرنج بۆ پێداویستییەکانیان رابکێشین و چەندی لە توانادا بێت کۆمەکیان بۆ خڕبکەینەوە."

هەرێمی کوردستان ئێستا بووەتە ماڵی نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارەى سووریا و ئەو شوێنانەى کەوتوونەتە دەستى داعش.

هەموو پارەکە دەبەخشرێتە رێکخراوی رایز کە لەلایەن بیانییەکانەوە دامەزراوە.

جگە لە یارمەتیدەرە بیانییەکانی کوردستان، بەشێکی گرنگی هەڵمەتەکە ئەوەیە کە یاریزانە سەرەکییەکان لەژێر ناوی "نائاساییەکانی کوردستان 7" و "دەرزەنە پیسەکە" لە حەوتەم کێبڕکێی نێودەوڵەتی رەگبی لە دوبەی کە بڕیار وایە 2-5ى کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت، بەشداری بکەن.

ئەوان هەر لە ئێستاوە یەکەم سپۆنسەری خۆیان دابین کردووە کە ناویان لە پشتەوەی جلە وەرزشییەکانیانەوە نووسیوە، بەڵام هێشتا دەرفەت بۆ سپۆنسەری دیکە هەیە.

بەهۆی مرۆڤدۆستیی هۆکارەکەیان، ئەم تیمە لەلایەن تیمێکی دیکەی دوبەیەوە پاڵپشتی کراوە کە بڕیار وایە بۆ راهێنان پێداویستی بخاتە بەر دەستیان. یانگ دەڵێت یارییەکان لەلایەن زیاتر لە 10 هەزار تەماشاچییەوە سەیر دەکرێن و هیوادارە کە ئەوە وا بکات پارەیەکی زۆر بۆ ئاوارەکانی کوردستان کۆ بکەنەوە.

بۆ ئەوەش کە هیچ گوشارێک لەسەر هەڵمەتە خێرخوازییەکە دروست نەکەن، یاریزانەکان بە پارەی خۆیان بلیتی چوون و گەڕانەوە بۆ دوبەی دەکڕن. کەسوکار و دۆستەکانیان راسپاردوون کە بۆ دوبەی لەگەڵیان نەچن و لە جیاتی ئەوە پارەکە ببەخشنە هەڵمەتەکە. یانگ دەڵێت "بە ماڵەوەم گوت لەگەڵم نەیەن و پارەکە بدەن بەم کەمپینە."

ئەمە یەکەمجار دەبێت کە تیمەکە لە یارییەکی راستیدا بەشدار بن، هەر بۆیە هەموو رۆژێک راهێنان دەکەن بۆ ئەوەی ئامادەیی تەواو وەربگرن. ئەو دەڵێت "لە کوردستان ئێمە تاکە تیمین و یەک مەیدانی یاریشمان نییە راهێنانی لێ بکەین."

یانگ و هاوڕێکانی، یان وەک خۆی دەڵێت کوڕ و کچی هەر چوارگۆشەی دونیا، یاریی رەگبی تاچ دەکەن، کە وەک ئەو رەگبییەی لە تەلەڤزیۆن و فیلمەکاندا دەبینرێت قورس و توند نییە. ئەوان لە مانگی ئەیلولی 2014 دەستیان پێکرد و ئێستا نزیکەی 25 کەسیان هەیە کە گەمەیان بۆ دەکات. روخسار و شێوازی یاریزانەکان زۆر لە یەک جیایە، چونکە زۆرینەیان لە نێوان کوردستان و وڵاتی خۆیاندا لە هاتوچۆدان.

یاریزانەکان خەڵکی کینیا، کەنەدا، سکۆتلەندا، ئینگلیز، نیوزیلاند، ئوسترالیا، ئەفریقای باشوور، بەلژیکا، هۆڵەندا، فەڕەنسا، ئیسپانیا، مەکەدۆنیا، کرواتیا، یۆنان، ئەمەریکا، عێراق و کوردستانن. هەمووشیان هەفتەی دووجار لە عەنکاوە یاری دەکەن. 

هەندێکیان پێشتر یارییان کردووە. بۆ نموونە یانگ خۆی جاران لە کەنەدا لەگەڵ بیڤێرسی ئۆتاوادا یاریی دەکرد. ئەم دەستپیشخەرییە وای کرد یانگ تۆزێک بەڕاهێنانی جەستەیی خۆیدا بچێتەوە. ئەو دەڵێت "نزیکەی 10 کیلۆم لە کێشم  دابەزاندووە بۆ ئەوەی بتوانم یاری بکەمەوە."

یانگی چوارشان بە هێمنی یاری لەگەڵ ئاوارە گەنجەکانی هەولێردا دەکات، دەشڵێت هۆکاری شاراوەی هەڵمەتەکە ئەوەشە کە یاریی رەگبی لە کوردستان بناسێنێت، یان وەک خۆی بە گاڵتەوە دەڵێت "دەمانەوێت سیحری رەگبی بڵاوبکەینەوە".

بەڵام بەبڕواى یانگ ئەوە ئاسان نابێت "تاکە رێگە بۆ خەڵکی عێراق ئەوەیە کە رەگبی بخەنە نێو پرۆگرامەکانى خوێندنەوە. لە لوبنان بۆ نموونە رەگبی هەیە چونکە بەشێکە لە پرۆگرامى خوێندن لە زانکۆ."

جارێ ئەوان هیوادارن بتوانن  50 هەزار دۆلارێک بۆ ئاوارەکان کۆبکەنەوە. یانگ و هاوکارانی بیریان لەوەش کردووەتەوە کە چۆن چۆنی دەیانەوێت پارەکە خەرج بکەن. ئەو دەڵێت: "حەزمان دەکرد پارەکە بدەین بە مامۆستایەک کە لە کەمپەکە وانە بە منداڵان دەڵێتەوە، چونکە ئەوان زۆر شتیان پێویستە بۆ ئێستا و داهاتوویان".       


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە