رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سنە دەڵێت، ئەو کەسانەی هاووڵاتییەکی خەڵکی "یەکێک لە وڵاتانی دراوسێیان ئازار دابوو" دەستبەسەرکراون. ئەوە لە کاتێکدایە، لە رۆژانی رابردوودا ڤیدیۆی ئازاردانی هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەفغانستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە.
عەلی ئازادی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سنە دەڵێت، پۆلیس لە هەڵمەتێکدا "تۆمەتبارانی دەستگیرکرد و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆیان کردەوە و رادەستی لایەنی دادوەری کردن".
عەلی ئازادی دەڵێت، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون لە کاری خۆیان "پەشیمانن".
هەفتەی رابردوو ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە کە تێیدا چەند کەسێکی چەقۆ بەدەست هاووڵاتییەکی ئەفغانستانیان بریندار کردووە و پێی دەڵێن، دەبێت بە خێرایی لە سنە بڕوات.
لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا، ئەو هاووڵاتییە ئەفغانستانییە فڕێ دراوەتە سەر زەوی، باڵی راستی بریندارە و ترسی زۆر بە روخسارییەوە دیارە.
بەگوتەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تاوەکو دوو ساڵ لەمەوبەر ژمارەی ئەفغانستانییەکان لە ئێران نزیکەی دوو ملیۆن و 500 هەزار کەس بوو، بەڵام ئێستا ژمارەیان نزیکەی 5 ملیۆن کەس دەبێت.
بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی ئێران، چوونی ئەفغانستانییەکان بۆ پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و کارکردنیان لەوێ قەدەخەیە.
هەفتەی رابردوو لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای کرماشان هەڵمەتێکیان بۆ دەرکردنی کرێکارە ئەفغانستانییەکان دەستپێکرد.
بەگوتەی حەمزە سلێمانی، بەڕێوەبەری کاروباری کۆچبەرانی پارێزگای کرماشان، ئەوە پێنجەمین قۆناخی دەستگیرکردنی ئەفغانستانییەکان بووە لە کرماشان و ژمارەیەکی بەرچاویان دەستگیرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ