رووداو دیجیتاڵ
دوای چاکسازیکردن لە پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێی هەولێر، ئەمڕۆ ئاو دەگاتەوە کۆگاکانی ئاو. بەڕێوەبەری پڕۆژەکە دەڵێت، شەو ئاو دەگاتەوە بەشێکی ماڵان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەندازیار هیوا عەبدولڕەزاق، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی ئیفراز 3ـی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ تاوەکو نیوەڕۆ پڕۆژەکە دەکەوێتەوە کار و ئاو رەوانەی کۆگاکانی ئاو دەکرێت، بەڵام بۆ پڕکردنەوەی کۆگاکان چەند کاژێرێکی پێویستە".
پڕۆژەکانی ئیفراز لە هەولێر نیوەی ئاوی خاوێنی سنوورەکە دابین دەکەن. تەنیا پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ سەرچاوەی سەرەکیی 40 گەڕەکی شاری هەولێرە.
لەبارەی کاتی گەیشتنی ئاو بە ماڵان، بەڕێوەبەری ئیفراز سێ گوتی، "بەشێکی ئەو ماڵانەی لەسەر پڕۆژەکەن ئەمشەو ئاویان پێدەگات و بەشەکەی دیکەش دەکەوێتە شەوی پێنجشەممە".
رۆژی دووشەممە پارێزگای هەولێر رایگەیاند، بەهۆی شکانی بۆری و چاکسازیکردن لە هێڵەکە، بۆ 34 کاژێر دابەشکردنی ئاو رادەگیرێت و گوتی، "پڕۆژەی چاککردنەوە و کارپێکردنی وێستگەیەکی دیکەی پڕۆژەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز سێ بە توانای 500 مەتر سێجا ئاو لە کاژێرێكدا دەکەوێتەکار کە کۆی گشتی لە رۆژێکدا 60 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ شاری هەولێر زیاد دەکات".
جگە لە پڕۆژەکانی ئیفراز، هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستێت. بە گوتەی بەڕێوەبەری ئیفراز سێ، 50%ـی دانیشتووانی هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان و ئاوی ژێر زەوی دەبەستن.
هەولێر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەیە؛ ئیفراز یەک کە ساڵی 1967 دروستکراوە؛ ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێ ساڵی 2007 کەوتووەتە کار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ